رووسیا كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتی ماریوپۆلی ڕاگەیاند

وەزارەتی بەرگریی رووسیا کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی ناوچەی پیشەسازیی ئازۆڤستاڵ و شاری ماریوپۆلی لەسەر دەریای ئازۆڤ راگەیاند.

ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی بەتەواوەتی ناوچەی پیشەسازیی ئازۆڤستاڵی کۆنتڕۆڵکردووە، ئەوەش دوای ئەوە هات کە دوایین سەربازی ئۆکراینی چەکی دانا و خۆی رادەستکرد.

کۆناشینکۆڤ گوتی، رۆژی 20ـی ئایار دوایین گرووپی سەربازانی ئۆکراینی کە وەکو خۆی دەڵێت، لە 531 سەرباز پێکهاتبوون خۆیان رادەستی سوپای رووسیا کرد؛ گوتیشی لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی شاری ماریوپۆل، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی راپۆرتێکی داوەتە ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی رووسیا.

هەر درەنگانێکی شەوی هەینی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، سوپای رووسیا ناوچەکانی رۆبیژنێ و ڤۆنۆڤاخای لە لوهانسک وەکو شاری ماریوپۆل وێرانکردووە؛ گوتیشی کە رووسیا سەرنجی هێرشەکانی خستووەتە سەر شاری سێڤرۆدۆنیتسک ئەوە لە کاتێکدایە کە شارەکە دوا خاڵە لە هەرێمی لوهانسک لەژێر دەستی سوپای ئۆکراینادا مابێتەوە و بە دەستبەسەرداگرتنی، تەواوی هەرێمی لوهانسک دەکەوێتە دەستی سوپای رووسیا.

لەو کاتەوەی لە سەرەتای مانگی نیسانەوە رووسیا لە دەوروبەری کیێڤی پایتەخت کشاوەتەوە، سەرنجی خستووەتە سەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا و تاوەکو رۆژی 20ـی ئایار ماریوپۆل ببووە چەقێکی رووبەڕووبوونەوەی تووندی نێوان سوپای رووسیا و ئۆکراینا.

دەقی قسەکانی ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا

“خاکی ناوچەی پیشەسازیی ئازۆڤستاڵ لە ماریوپۆل، کە لە 21ـی نیسانەوە گرووپێکی جەنگی ئۆکراینی لە پێکهاتەی ئازۆڤی نازیی تێیدا گەمارۆدرابوو، گەمارۆکە بەتەواوەتی لادرا. ژێرزەمینییەکانی کارگەکە کە سەربازەکان خۆیان تێیاندا حەشاردابوو، بەتەواوەتی کەوتنە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای رووسیا. لە 16ـی مانگی ئایارەوە، 2 هەزار و 439 نازی لە کەتیبەی ئازۆڤ و سوپای ئۆکراینا کە لە کارگەکەدا گەمارۆدرابوون، خۆیان رادەستکردووە. سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیای فیدراڵ لەبارەی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکە و تەواوبوونی پڕۆسەی ئازادکردنی ناوچەی پیشەسازیی ئازۆڤستاڵ و ئازادکردنی شاری ماریوپۆل لە شەڕکەرانی ئۆکراینا راپۆرتێکی پێشکێشی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کردووە.”

پەیوەندیدار