سیروان محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان رایگەیاند، لێكۆڵینەوە لەسەر گیانلەداستدانی ئەو ژنەی نەشتەرگەری منداڵبوونی بۆ ئەنجامدراوە دەكرێت و ئەنجامەكان بۆ رای گشتی بڵاودەكەنەوە.
سیروان محەمەد لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی، دڵگرانن بەو روداوەی رویداوە، لای خۆیانەوە لیژنەیەكیان دروستكردوە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەكە بە ئامادەبونی نوێنەری داواكاری گشتی دەستبەكاردەبێت بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە گیان لەدەستدانی ئەو ژنەی نەشتەرگەری منداڵبوونی بۆ كراوە.
باسی لەوەش كردووە، لەئێستادا تەرمەكە لە پزیشكی دادی سلێمانییە، دوای تەواوبوونی رێكارەكانی توێكاری و سەیركردنی دۆسیەكە وەڵامی پرسیارەكانی ئەوان و دەزگا پەیوەندیدارەكان دەدەنەوە، لەدوای تەواوبونی لێكۆڵینەوەكان ئەنجامەكانی بۆ رای گشتی بڵاودەكەنەوە.
لەلایەكی ترەوە عەلی جەمال قدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاندووە، ئەو ژنە تەمەنی 30 ساڵە و خاوەنی 2 منداڵە، پۆلیس دەستی كردووە بە لێكۆڵینەوە و تاوەكو ئێستا هیچ كەسێك دەستگیر نەكراوە، تەرمەكەی لە پزیشكی دادوەری سلێمانییە بۆ ئەوەی هۆكاری مردنەكەی ئاشكرا بكرێت و چاوەڕێی راپۆرتی كۆتایین.
شەوی رابردوو لە یەكێك لە نەخۆشخانە تایبەتیەكانی كەلار دوای ئەوەی ژنێك نەشتەرگەری منداڵبوونی بۆ ئەنجامدراوە، دوای تێپەڕبونی چەند كاتژمێرێك بە خێزان و كەسوكارەكەی راگەیەندراوە گیانی لەدەستداوە، كەسوكارەكەشی نەخۆشخانەكە بە كەمتەرخەم دەزانن.
A : bestun latef