وەزیری دارایی عێراق: “لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەرەو کۆتایی ساڵ یەدەگی نەختینەی دراوی بیانییمان ٩٠ ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت.
عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عێراق بە ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی عێراقی راگەیاند، دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بووەتە هۆی پاراستنی یەدەگی دراوی بیانیی لە بانکی ناوەندیی عێراق
ڕاشیگهیاند، “لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەرەو کۆتایی ساڵ یەدەگی نەختینەی دراوی بیانییمان 90 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت. ئەمەیش دەبێتە تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی بۆ عێراق”.
وەزیری دارایی عێراق بە سەرنج خستنە سەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا، ئاماژەی بەوە دا کە لە ئەنجامدا، یەدەگی دراوی بیانیی لە عێراق لە مانگی نیسانی رابردوودا، گەیشتووەتە ٧٠ ملیار دۆلار.
عێراق لەنێو رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (OPEC) لە هەناردەکردنی نەوتدا لە ریزی دووەمدا دێت و رۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و ئاواتەخوازە بە هاتنی ساڵی 2025 بیگەیەنێتە شەش ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.