لە قەرەچوغ كوژرانی 13 چەكداری داعش ڕاگەیەنرا

فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لەچوارچێوەی بەردەوامی ئۆپراسیۆنەکان دژی داعش لە کەرکوک، نەینەوا و دیالە، هێزەکانیان 13 چەکداری داعشیان لە چیای قەرەچوغ کوشتوە و ژمارەیەک حەشارگەی چەکدارانی رێکخراوەکەش کراونەتە ئامانج.

ئەمڕۆ شەممە (4ی ئایاری 2022)، لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزەکانیان لە سنوری چیای قەرەچوغی سەر بە قەزای مەخمور، لە ئۆپراسیۆنێکدا 13 چەکداری داعشیان کوشتوە، دوای ئەوەی لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری شوێنەکانیان دۆزراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ئۆپراسیۆنێکی دیکەدا لە دیالە و کەرکوک ژمارەیەک حەشارگەی چەکدارانی داعش کراونەتە ئامانج، کە چەکدارانی رێکخراوەکە بۆ خۆحەشاردان و مەشق و راهێنان سودیان لێوەردەگرت.

لەعێراق ماوەی چەندین مانگە جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیادیکردوە بەتایبەت لە سنوری ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەرپرسانی پێشمەرگەش دەڵێن بەهۆی نەبونی هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکان و بونی بۆشایی ئەمنی، داعش لەچەند ناوچەیەکدا  جموجۆڵەکانی زیادکردوە و زیانی بە هێزە ئەمنییەکان گەیاندوە، ئەوە جگە لەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە روبەڕوی مەترسی بونەتەوە.

پەیوەندیدار