لە هەولێر بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کەسێك كوژرا

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر رایگەیاند، بەهۆی “دووژمنداری” و “کێشەی کۆمەڵایەتی” شەوی رابردوو کەسێک لە گوندێکی سنووری هەولێر کوژرا و کوڕەکەشی برینداربووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 5-6-2022، لە کاژێر 11ـی شەو لە بوونی رووداوێکی کوشتن لە گوندی عارەب کەندی نوێ ئاگادارکرانەوە و هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە کوژراوەکە ناوی ‘ھەرێم ئیبراھیم ساڵح’ـە و تەمەن 38 ساڵە و پیشە پێشمەرگەیە. هەروەها کوڕەکەشی کە ناوی ‘هەڵۆ’یە و تەمەنی 16 ساڵە برینداربووە.

لەبارەی چۆنیەتی روودانی رووداوەکەوە، پۆلیسی ھەولێر باسی لەوە کرد، “کەسەکە بە دەستڕێژی گوللە کوژراوە. پێشتر دانیشتووی شاری کەلار بوون و ماوەیەکە چوونەتە شاری ھەولێر.”

پۆلیسی ھەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارانی ئەنجامدەری تاوانەکە دەرکردووە.

پەیوەندیدار