یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی رێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی زێدانی راهێنەری پێشوی یانەی ریال مەدرید بگاتە سەرۆكی راهێنەرایەتی یانەكە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردەوە، یانە پاریسییەکە سورە لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ زیدان بۆ ئەوەی دەست بەسەر تیمەكەدا بگرێت، شوێنی ماوریسیۆ پۆچیتینۆی راهێنەری ئەرژەنتینی ئێستای پاریس سانجێرمان بگرێتەوە، دوای ئەوەی نەیتوانی سەرکردایەتی تیپەکە بکات بۆ بەدیهێنانی خەونی لە مێژینەیان كە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگە.
پاریس دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ زیدان بکات، بۆ ئەو مەبەستەش پاریس بەنیازە جارێكی دیكە لەگەڵ زیدان كۆببێتەوە، لەكاتێكدا یانە فەرەنسیەكە بەردەوامە لە دانوستاندن لەگەڵ راهێنەری پێشوی لۆس بلانكۆس بۆ ئەوەی وەرزی داهاتو سەرپەرشتی تیپەكەی بكات.
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئەو بڕیارەی پاریس ئاشکرا کرد کە بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی گرێبەستکردن لەگەڵ زیدان داوە، چونکە یانە پاریسییەکە بەنیازە لە رێگەی زیزۆ نەوەستێت ئەگەر زیدان راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا بگرێتە ئەستۆ، ئەمەش هەنگاوێکە کە راهێنەری پێشوی مێرینگی ئاواتی خواستوە بۆی.
پێشبینی دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی مۆندیالی قەتەر لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتو زیدان ئەرکی ڕاهێنەری کەڵەشێرەكان بگرێتە ئەستۆ، پاریسیش لاری لەوە نییە کە زیزۆ لە هەمان کاتدا ڕاهێنەری تیپەکە و هەڵبژاردەی نیشتمانی بێت.