کۆریای باکوور بۆ یەکەمجار ژنێک وەکو وەزیری دەرەوە دەستنیشان دەکات، ئەوەش لەکاتێکدایە کە پیۆنگیانگ بەهۆی تاقیکردنەوە مووشەکییە بەردەوامەکانییەوە رووبەڕووی سزای ئەمریکا و بەشێک لە هاوپەیمانەکانی بووەتەوە.
رۆژی شەممە، 11ـی حوزەیرانی 2022، میدیای فەرمیی کۆریای باکوور رایگەیاند، چۆ سۆن هوی، دیپلۆماتی ئەو وڵاتە کە پێشتر وەکو جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کاریکردووە، بە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەستنیشانکرا.
رۆژی هەینی، کیم جونگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور سەرپەرشتیی کۆنگرەیەکی پارتەکەی کرد و لەوێوە، وەزیرە نوێیەکەی دیاریکرد. هاوکات، سەبارەت بە زیادکردنی تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی، بەگوێرەی میدیا فەرمیی ئەو وڵاتە؛ کیم جونگ ئونگ گوتی کە ئەوە کردەوەیەکی یاساییە بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەوەرییەکانی وڵات لە بواری بەرگریدا.
چۆ سۆن هوی زمانی ئینگلیزی بە باشی دەزانێت، لە کاتی دانوستاندنەکانی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد تڕەمپدا، وەکو کەسێکی نزیک لە کیم جونگ ئون تەماشادەکرا و لە لووتکەی تڕەمپ و کیم لە ساڵی 2019 دا بەشداربوو. لەدوای لووتکەی هەردوو سەرۆک لە هانۆی ڤێتنام، چۆی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا واشتنی بە شکستهێنانی دانوستاندنەکانی تۆمەتبار کرد.
لەو کاتەشەوە، دیپلۆماسییەتی نێوان هەردوو وڵات وەستاوە. لە ماوەکانی رابردووشدا، پیۆنگیانگ پێشنیازی واشنتنی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان رەتکردنەوە.
کۆریای باکوور لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 31 مووشەکی تاقیکردوونەتەوە؛ لەوانە بۆ یەکەمجار مووشەکێکی کیشوەربڕی تاقیکردەوە.