ناردنی پەنابەران بۆ رواندا راگیرا و ئەنجامنەدرا

ئەمڕۆ یەکەم گەشتی ئاسمانی ناردنەوەی پەنابەران بۆ رواندا راگیرا و ئەنجامنەدرا.

به‌پێی زانیارییه‌كانی ئاژانسی فرانس پرێس، فڕۆکەیەکی تایبەت بڕیار بوو ئەمڕۆ لە یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی لەندەنەوە ژمارەیەک پەنابەر بگوازێتەوە بۆ کیگالی لە رواندا، ئەمەش دوای ئەوەی دادوەرەکانی بەریتانیا بڕیاری دیپۆرتکردنەوەکان رەتکردەوە.

ئه‌مه‌ش دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی سه‌دان خۆپیشانده‌ر له‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی ناوخۆی به‌ریتانیادا كۆببوونه‌وه‌، داوایان كرد كۆتایی به‌ پلانه‌كه‌ بهێنرێت و یه‌كه‌م گه‌شتی ئاسمانیی كه‌ بڕیار بوو ئەمڕۆ‌ ئه‌نجامبدرێت، هەڵبوەشێندرێتەوە.

بە گوێرەی رێکخراوی “Care4Calais”، لەو فڕۆکەیەدا 31 پەنابەر هەبوون کە تا ئێستا تکتی 23 لەوان هەڵوەشاوەتەوە.

ئەو رێکخراوە ئاماژەی بەوەشدا، لەناو دیپۆرتکراوەکاندا پەنابەری ئەلبانی، عێراقی، ئێرانی و سووری هەبوون.

خۆپیشانده‌ران لافیته‌گه‌لێكیان به‌رزكردبوویه‌وه‌ كه‌ لێیان نووسرابوو، “نه‌خێر بۆ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان”، “رێگه‌ به‌ مانه‌وه‌یان بده‌ن”، “هیچ كه‌س نایاسایی نییه‌” و به‌رده‌وام درووشمیان له‌ دژی وه‌زیری ناوخۆی به‌ریتانیا، پریتی پاتڵ ده‌گوته‌وه‌.

هەفتەی رابردوو، دادگای بەریتانیا داوایەکی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤی رەتکردەوە، کە بۆ رێگری لە گەشتێکی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی پەنابەران، پێشکەشی دادگا کرابوو.

پەیوەندیدار