بڕیاری فڕینی یەکەمین فڕۆکە کە پەناخوازانی بەریتانیای بۆ رواندا دەبرد، هەڵوەشایەوە. هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە لەدوای ئەوە هات کە دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا رایگەیاند، گومانیان لە یاساییبوونی ناردنی ئەو پەنابەرانە بۆ رواندا هەیە و داوایان لە حکومەتی بەریتانیا کرد فڕۆکەکە نەفڕێنێت؛ بەڵام دوو وەزیری بەریتانیا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو پەناخوازانە لە گەشتی داهاتوودا دەنێردرێنە رواندا.
ژمارەی ئەو پەناخوازانەی لە سەرەتاوە بڕیاربوو رەوانەی رواندا بکرێن، 130 کەس بوون، بەڵام لە کۆتاییدا تەنیا حەوت کەسیان مانەوە؛ ئەو حەوت کەسە شەوی رابردوو بلیتی گەشتەکەیان بۆ ئامادە کرا، بەڵام لە دوا ساتەکاندا بەهۆی گوشاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپاوە بڕیاری ناردنی ئەوانیش هەڵپەسێردرا.
پریتی پاتێل، وەزیری نێوخۆی بەریتانیا دەڵێت، بێهیوابووە و “ئاڵەنگارییە یاساییەکان و گوتەکانی دوا خولەک” وایانکرد فڕۆکەکە نەفڕێت و رەخنەیەکی زۆر گەورەش لە یاساکە گیرا. هاوکات دەڵێت، “واز ناهێنین و تیمە یاساییەکانمان کار لەسەر پێداچوونەوە بە کاروبارەکانی ئەم فڕۆکەیەدا دەکەن و ئامادەکاری بۆ ناردنی فڕۆکەی دووەم لە ئێستاوە دەستیپێکردووە.”
پەناخوازەکان سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە لەلایەن دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا دەربڕی، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، “چارەنووسیان لە رواندا روون نییە.”
رواندا ئەو وڵاتەی نێوەڕاستی ئەفریقایە کە بەریتانیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵ رێککەوتنی لەگەڵ کرد، بۆئەوەی تەواوی ئەو پەنابەرانە بنێرێت بۆی، کە دوای کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە نایاسایی چوونەتە بەریتانیا.
پریتی پاتێل بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا بە “شۆکهێنەر” ناودەبات و دەشڵێت، “دڵنیابن ئەوانەی ناویان بۆ ئەم گەشتە تۆمار کرابوو لە فڕۆکەی داهاتوودا ناویان تۆمارکراوە”. پاتێل لە گوتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی بەریتانیا سوورە لەسەر ناردنی ئەو پەناخوازانە بۆ رواندا.
بەشێک لە میدیای جیهان هەڵوەشاندنەوەی گەشتی فڕۆکەی پەنابەران بۆ رواندا بە “ئابڕووچوون” بۆ حکومەتەکەی بۆریس جۆنسن ناودەبەن، چونکە زۆربەی ئەندامانی حکومەتەکە دووپاتیان کردبووەوە کە بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدا بوو، شەوی رابردوو بەهۆی ئەوەی هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان، کە لەنێو ئەو حەوت کەسەدا بوو کە بڕیار بوو بنێردرێن بۆ رواندا، گومان دەکرا ئەشکەنجە درابێت و هێشتا مامەڵەی پەناخوازییەکەی تەواو نەبووبێت، گەشتەکە هەڵپەسێردراوە. هاوکات دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا باسی لەوەش کردووە، دەبێت بەریتانیا ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا رابگرێت تاوەکو دەیسەلمێنێت بڕیارەکەی یاساییە.