دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵایەکی یاسایی دەکات، کە لەلایەن سەرۆکی دوو حیزبی عێراقەوە پێشکێش کراوە، لەبارەی “نادەستووریی” بەردەوامی سەرۆککۆمار لە پۆستەکەیدا و هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ.
رۆژی 28ی حوزەیرانی 2022 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵایەک دەکات، کە دژ بە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشکێش کراوە، لەبارەی جێبەجێنەکردنی بڕگەی دووەمی ماددەی 72ی دەستووری عێراق، کە تایبەتە بەو ماوە دەستووریەی پێویستە پەرلەمان سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت، لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمان.
سکاڵاکە لەلایەن هەریەک لە رائید فەهمی، سکرتێری حیزبی شیوعیی عێراق و حوسێن رەزا، ئەمینداری گشتیی حیزبی ئوممەی عێراقی پێشکێش بە دادگەی باڵای فیدراڵی کراوە.
سکرتێری حیزبی شیوعیی عێراق ئاماژەی بەوە دا، ئەوە دووەم دانیشتنی دادگەیە کە لەسەر ئەو پرسە دەکرێت و دواترینیانە و بڕیاری کۆتایی تێدا دەدرێت، پێشبینیی ئەوەیشی کرد کە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سەرۆکی پەرلەمان ناچار بکات کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار رێکبخات، یان رێگە چارەیەکی دیکەی یاسایی بدۆزێتەوە.
بەگوێرەی خاڵی (ب) لە بڕگەی دووی ماددەی 72ی دەستووری عێراق، سەرۆککۆماری بەردەوام دەبێت لە بەڕێکردنی ئەرکەکانی، تاوەکو دوای قۆناخی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ و دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی، پێویستە سەرۆککۆمار لەدوای 30 رۆژ لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێ هەڵبژێردرێت.
رۆژی 9ی کانوونی دووەمی 2022 خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد، بەدوایدا وادەی سێ کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاریکران، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران کە 220 پەرلەمانتارە، نەتواندرا سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێردرێت، کە هەنگاوی یەکەمی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتە لە عێراق.
23ی حوزەیران فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار “پێشێلکاریی دەستوورە” بەو پێیەی وادەی دەستووریی خۆی تێپەڕاندووە.
ووشەی خوێندراوە (240) – zozk