بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ١١٧ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەمەش بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی نزیەکی یەک دۆلاری دیکە بەرزبووەتەوە و بەراورد بە چەند رۆژی رابردووش لەبەرزیدایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی بە ١١١ دۆلار و ٣٠ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە زیاتر لە ١٣٠ دۆلار و دواتریش دابەزییەوە خوارەوە بەهۆی زیادبوونی ئەگەرەکانی رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا، بەڵام بەراورد بە ساڵانی پێشوو نرخەکەی لەبەرزیدایە و بەردەوام سەرووی ١٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لەسەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا بەهۆی زیادبوونی سزاکانی وڵاتان لەسەر روسیا و کەمبوونی دابینکردنی نەوت لە بازاڕەکاندا نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی لەماوەی ١٤ ساڵی رابردووی خۆیدا.
بەگوێرەی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.