سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه سوپاسی هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی كرد‌و رایگه‌یاند، پێكه‌وه كار له‌سه‌ر بونیادنانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن و راسته رێگه‌یه‌كی سه‌خت و دژواریان له پێشه، به‌ڵام “كاتێك پێكه‌وه كار بۆ یه‌ك ئامانج ده‌كه‌ین به دڵنیاییه‌وه ئه‌نجامه‌كانمان پڕشنگدارتر ده‌بن”.
ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا له چه‌ناڵی تێلگرامی تایبه‌ت به‌خۆیه‌وه رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی به بارودۆخێكی نا هه‌مواردا راگوزه‌ر ده‌كات، به‌ڵام به بێده‌نگییه‌وه به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن هه‌نگاو ده‌نێن.
وتیشی، “سوپاسی تاك به‌تاكی ئه‌و هاوڵاتیانه‌مان ده‌كه‌م كه بێ‌وچان و به بێده‌نگییه‌وه كار له‌سه‌ر دوباره بونیادنانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان ده‌كه‌ن، له هه‌نگاونانش به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داگیركه‌راندا شانبه‌شانی هێزه‌كانمان له دوباره بونیادنانه‌وه‌دان”.
سه‌رۆكی ئۆكرانیا باسی له‌وه‌شكردوه، “رێگایه‌كی سه‌خت، كه‌نده‌ڵانی و شاخ رێگایه‌كی زۆرمان له پێشه و كارێكی زۆرمان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی بده‌ین، به‌ڵام رونه ئه‌وه‌ی له ئاسۆی رێره‌وه‌كه‌مانه‌وه ده‌دره‌وشێته‌وه دوباره سه‌ركه‌وتنی وڵات و نیشتیمانه‌كه‌مانه”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، “كاتێك كۆمه‌ڵێك هاوڵاتیانمان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ماندونه‌ناسانه به‌ره‌و ئه‌م داهاتوه پڕشنگداره هه‌نگاوده‌نێن و هه‌ر یه‌كه و له شوێن و پێگه‌ی خۆیه‌وه كار بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌مان ده‌كات، بێگومان ئه‌نجامه‌كه‌شی سه‌رسوڕهێنه‌ر و چاوه‌رشواننه‌كراو ده‌بێت.