یانەی بارسێلۆنا یاریی کلاسیکۆی دۆستانەی لە ریال مەدرید بردەوە، کە یارییەکە لەسەر خاکی ئەمریکا بەڕێوەچوو، ئەنجامەکەش 1-0 بۆ کوڕانی چاڤی هێرناندێز.
لەسەر یاریگەی ئەلیجنت ستادیۆم لە شاری لاس ڤێگاسی ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یانەی بارسێلۆنا لە یارییەکی جەماوەریدا توانی شكست بە یانەی ریال مەدرید بهێنێت بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرامبەر، تاکە گۆڵەکەش لە رێگەی رافینیای بەرازیلی و یاریزانی نوێی یانە کەتەلۆنییەکەوە تۆمارکرا.
لە نیوەی یەکەمدا یانەی بارسێلۆنا بەباشی دەستیپێكرد، تیپەکەی چاڤی فشارێکی زۆری کرد، ھەلی گۆڵکردنیان دروستکردووە و ریال مەدریدیش بەرگرییەکی پتەویان دەکرد. بوونی لیڤاندۆڤسکی لە پێشەوە مەترسییەکانی بارسای زیاترکردبوو، تاوەکو خولەکی 27 ئەو کاتەی یاریزانانی ریال لە نێوان خۆیاندا تۆپیان ئاڵوگۆڕ دەکرد، ئەوەبوو میلیتاو بەهەڵە تۆپێکی هەڵدایە بەر قاچی رافینیای یاریزانی بارسا، ئەویش بە لێدانێکی مووشەکئاسا لە دەرەوەی هێڵی سزا گۆڵی یەکەم و بردنەوەی بۆ یانەی بارسێلۆنا تۆمارکرد.
چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بارسێلۆنا لە پێكهاتەی سەرەکیدا و لە هێڵی پێشەوە یاری بە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و رافینیا و فاتی کرد، لیڤا یاریی یەکەمی بوو، ئاستێکی باشی هەبوو لەگەڵ ئەوەی کە ماوەیەکی کورتە دەستی بە ئامادەکارییەکان لەگەڵ بارسا کردووە.
کارلیتۆی راهێنەری ریال مەدریدیش یاریی بە چوامینی و رودیگێر کرد کە دوو گرێبەستی هاوینەن، رودیگێر ئەرکێكی نوێی پێدرابوو، لە باڵی چەپ یاری دەکرد ئالاباش لە دڵی بەرگریدا.
لە نیوەی دووەمدا هەردوو راهێنەر گۆڕانکارییەکانیان ئەنجامدا، ریال مەدرید لە سەرەتای نیوەی دووەم بێشتر بوو، بەڵام دواتر پەستانی کەتەلۆنییەکان چەند هێرشێكی مەترسیداریان دروستکرد و زیاتر لە گۆڵێکیان فەوتاند، لە بەرامبەردا ریال مەدریدیش یەک دوو هەلی مەترسیداریان هەبوو، بەڵام بەگشتی بارسێلۆنا باڵادەستربوون.
یارییەکە دۆستانەی ئامادەکاری بوو، بارسێلۆنا 1-0 بردییەوە و یاریی داهاتووشی بەرامبەر بە یانەی یوڤێنتوس دەبێت لە رۆژی 27ـی ئەم مانگە کاژێر 3-30 بەرەبەیان، یانەی ریال مەدریدیش بەرامبەر بە یانەی شیڤاز گوادالاخارای مەکسیکی یاری دەکات لە هەمان رۆژدا لە کاژێر 5:30 بەرەبەیان.