میکانیزمی دابەشکردنی بەنزین گۆڕانکاری بەسەر دادێت

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گۆڕانکاری لە سیستەمی دابەشکردنی بەنزینی پارێزگاکانی هەرێمدا دەکرێت. دەشڵێت، “لەمەودوا لەسەر بنەمای ژمارەی ئۆتۆمبێل دەبێت و بەو پێیەش زۆرترین بڕی بۆ پارێزگای هەولێر دەبێت”.

ئەمڕۆ یەکەشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کۆی بەنزینی دابینکراو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە رۆژێکدا سێ ملیۆن لیترە
دەشڵێت، بەگوێرەی ئەو سیستەمەی ئێستا کاری پێدەکرێت، ئەو بڕە بەنزینە ٤٠٪ی بۆ پارێزگای سلێمانی و ٤٠٪ی بۆ پارێزگای هەولێر و ٢٠٪ی بۆ پارێزگای دهۆک رەوانەدەکرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕیاردراوە ئەم سیستەمە چیدی کاری پێنەکرێت و گۆڕانکاری تێدابکرێت و لەمەودوا لەسەر بنەمای ژمارەی ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکاندا دابەشبکرێت.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم، لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل هەیە، ملیۆنێک و ٧٧٥ هەزار و ١٤٥ ئۆتۆمبێلیان بە بەنزین کاردەکەن، لەو ژمارەیەش رێژەی ٥٥٪یان لە پارێزگای هەولێر و ٣١٪ لەپارێزگای سلێمانی و ١٤٪ یان لە پارێزگای دهۆکن.

راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەمەودوا ئەو بڕە بەنزینەی حکومەت دابینیدەکات ٥٧.٢٪ی بۆ پارێزگای هەولێر و ٢٩.٥٪ی بۆ پارێزگای سلێمانی و ١٣.٥٪ی بۆ پارێزگای دهۆک دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ئێستادا لە هەرێم دوو جۆر بەنزین بەسەر شۆفێراندا دابەشدەکرێت، بەنزین ٨٠٠ دیناری بۆ ئۆتۆمبێلەکان بەگشتی کەلەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە رێگەی پاڵاوگە ناوخۆییەکانەوە دابیندەکرێت دو جۆرە بەشێکیان کە لە پاڵاوتگەکانی ناوخۆوە دابیندەکرێت و بەنزینی ٦٩٠ دیناری کە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بەسەر شۆفێرانی تاکسی و پاسدا دابەشدەکرێت.

A: zozk

پەیوەندیدار