سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری – جەهەپە رایگەیاند، سەلاحەدین دەمیرتاش بە “ناحەق” دەستگیرکراوە و زیندانییەکی سیاسییە، “گەورەترین داواکاریی من دەستبەجێ ئازادکردنییەتی.”
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری – جەهەپە لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا پاڵپشتیی خۆی بۆ بانگەوازی دەمیرتاش بۆ “چەکدانان”ی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە راگەیاند.
سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتڤان و هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە ئێستا لە زیندانی ئەدێرنەیە، لە هەڤپەیڤینێکیدا گوتبووی “داوا لە پەکەکە دەکەم چەک دابنێن.”
دەربارەی ئەو لێدوانەی دەمیرتاش کڵچدارئۆغڵو گوتی، “لێدوانەکەی دەمیرتاش زۆر گرنگە. زۆر گرنگە لەلایەن مەدحەت بەگ (هاوسەرۆکی هەدەپە)وە بە شێوەیەکی جیا بگوترێن. هەنگاوێکی گرنگە بۆئەوەی هەدەپە ببێتە پارتێکی تورکیایی. دەبێت ئەمە بەردەوام بێت.”
سەرۆکی جەهەپە لەبارەی سەلاحەدین دەمیرتاش زیاتر گوتی، “ئەو بە ناحەق دەستگیرکراوە و زیندانییەکی سیاسییە، گەورەترین داخوازیی من دەستبەجێ ئازادکردنیەتی. نەک تەنیا ئەو، دەبێت عوسمان کاڤالاش دەستبەجێ ئازاد بکرێت. دەبێت بڕیاری دادگە لەبارەی ئازادکردنی ئەوانەوە جیبەجێ بکرێت.”
سەلاحەدین دەمیرتاش رۆژی 18ی تەممووزی 2022 لە دیمانەیەکدا کە لەڕێگەی پارێزەرەکانیەوە بە نووسراو وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە، رایگەیاند، “هەدەپە درێژکراوە و گوتەبێژ و لایەنگری پەکەکە نییە؛ هیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نییە، پێویستە ئەم راستییە بۆ رای گشتیی تورکیا باس بکەین. حیزبێک سیاسەتی دیموکراسی بەڕێوەببات، ناتوانێت سەر بە رێکخراوێکی چەکداری بێت.”
دەمیرتاش کە زیاتر لە پێنج ساڵ و نیوە لە زیندانی ئەدیرنە زیندانیکراوە و بە تۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکە هەوڵی داخستنی پارتەکەی دەدرێت، گوتیشی، “دەوڵەت و پەکەکە ناچارن کێشەی کورد لە زەمینەی تووندوتیژی دەربهێنن. ئەگەر بکرێت پێمخۆشە پەکەکە بە تەواوی چەک لە دژی تورکیا بێدەنگ بکات، بەڵام بەداخەوە دوو بەربەستی سەرەکی هەن. یەکەم: حکومەت جگە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی هیچ بژارەیەک ناخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، گفتوگۆ ناکات و پێداگری لەسەر چەک دەکات، بەڵام ئێمە دەڵێین دەبێت پەکەکە رازی بکرێت. لێرەشدا رێگریی دووەم سەرهەڵدەدات، ئەویش گۆشەگیریی ئیمرالییە، چونکە ئەو کەسەی کە دەتوانێت پەکەکە رازی بکات ئۆجەلانە و ساڵانێکە لە گۆشەگیریدا دەیهێڵنەوە. سەرباری ئەم بەربەستانە، دڵخۆش دەبم ئەگەر پەکەکە چەکەکانی بێدەنگ بکات. بەداخەوە، ئەزموونی ئێمە دەریخستووە کە ئەمە ئاسان نییە.”
دوای لێدوانەکانی دەمیرتاش، رۆژی 25ی تەممووزی 2022 لە راگەیێندراوێكی هاوبەشدا کە واژۆی 202 رۆشنبیری کورد و تورکی لەسەربوو رایانگەیاند، بانگەوازی سەلاحەدین دەمیرتاش بەتایبەتی بۆ بێدەنگکردنی چەک بە “بەنرخ” دەزانن.
ئەو رۆشنبیرانە داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەن، بەتایبەتیش شەش پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆن، پشتیوانی لە پێشنیازەکانی دەمیرتاش بۆ چارەسەری پرسی کورد بکەن.
هەریەک لە حەسەن جەمال، فیکری ساغڵار، زولفو لیڤانئەلی، موراد بەلگە، باسکن ئۆران، شەوکەت پاموک، فیگەن چاڵیکوشو لەنێو ئەو 202 نووسەر، هونەرمەند، رۆژنامەڤان و پارێزەرانەدان کە واژۆیان لەسەر راگەیێندراوەکە کردووە.