سەرۆکی ئەمریکا کوژرانی ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی رێکخراوی قاعیدەی لە هێرشێکی درۆنی لە ئەفغانستان راگەیاند. بایدن دەڵێت، تیرۆریستان لە هەرشوێنێک بن، دەیاندۆزنەوە.”
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتژمێر 7:30 خولەک بەکاتی واشنتن (02:30 خولەک بەکاتی هەولێر) لە گوتارێکیدا کوژرانی زەواهیری راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکەی کە ئەو سەرکردەیەی قاعیدەی تێدا کوژراوە، لە رۆژی شەممەدا ئەنجامدراوە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، بڕیاری ئەنجامدانی هێرشە درۆنییەکە بۆسەر ئەیمەن زەواهیری پێشکێش بە خێزانی قوربانییانی رووداوەکەی 11ـی سێپتێمبەر دەکات، چونکە زەواهیری کەسی دووەمی قاعیدە بووە لەوکاتەدا و وەکو پلانداڕێژەری سەرەکی بووە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە، نیشتەجێبوونی زەواهیری لە کابوول، “پێشێلکارییەکی روونی” رێککەوتنی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا بووە کە لە دەوحە لە ساڵی 2020 واژۆکرا.
جۆ بایدن رایگەیاند، تیمە هەواڵگرییەکانیان زانیارییان پێگەیشتووە کە زەواهیری بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ ئەندامانی خێزانی یەکەمی چووەتە کابوول و لەوێ نیشتەجێ بووە.
ئەیمەن زەواهیری بە بنەچە میسرییە، لە ساڵی 2011ـەوە سەرۆکی رێکخراوی قاعیدەیە و شوێنگرەوەی ئوسامە بن لادنە.
ئەیمەن زەواهیری لە لیستی داواکراوترین کەسەکانە لە وەزارەتی دادی ئەمریکا کە تۆمەتبارە بە “کوشتنی هاووڵاتیی ئەمریکی لە دەرەوەی خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، پلاندانان بۆ کوشتنی هاووڵاتییانی ئەمریکی، هێرشکردنە سەر دامەزراوە فیدراڵییەکانی ئەمریکا کە گیانلەدەستدانی لێکەوتووەتەوە.”
هەر بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا، زەواهیری لە 19-7-1951 لە میسر لەدایکبووە.
لە راگەیێندراوێکدا، زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی تاڵیبان هێرشەکەی ئەمریکای پشتڕاستکردووەتەوە و “بەتووندی” سەرکۆنەی دەکات. هاوکات بە پێشێلکردنی “پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان” ناوی دەبات.
ئەم زانیارییانەش لەبارەی ئەیمەن محەممەد رەبیع زەواهیری (ئەیمەن زەواهیری) بزانە
لە ساڵی 1974 تاوەکو ساڵی 1977 لە سوپای میسر سەربازیی کردووە. لە بنەڕەتدا سەر بە هۆزی تاربییە. باوکی لە بنەماڵەیەکی ئەکادیمی بووە و زۆربەی کەسانی بنەماڵەکەی پسپۆڕ و پزیشک و کەسانی ئەکادیمی بوون.
لە ساڵی 1988ـەوە پەیوەندی بە قاعیدەوە کردووە و یەکێک بووە لەوانەی کە لە ساڵی 1980 و بەتۆمەتی هەوڵی تیرۆرکردنی ئەنوەر سادات، سەرۆکی ئەوکاتی میسر دەستگیرکراوە.
زەواهیری چوار جار هاوسەرگیریی کردووە و یەکەم هاوسەرگیریی لە ساڵی 1978 بووە، بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییەی حەوت منداڵە کە چواریان کچن.
زەواهیری لە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک گرووپی جیهادیی میسری، مەکتەب خەدەمات، دوایین رێکخراویشیان کە قاعیدە بووە، کاری کردووە. لە ساڵی 1998 رێکخراوی گرووپی جیهادیی میسری بردە نێو قاعیدە و یەکیان گرت.
لە سەرەتاوە وەک ئەندامی باڵی شوورای قاعیدە کاری کردووە، زۆر بەنزیکی بن لادن هەژمار کراوە و تەنانەت دەگوترێت زۆربەی جار بن لادن راوێژی پێکردووە.
لە نیسانی 2009دا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، زەواهیری بە فەرماندەی مەیدانی و ستراتیژیی قاعیدە ناوبرد و رایگەیاند رۆڵی بن لادن چیدیکە تەنیا وەک سەرۆکێکی ئایدۆلۆژییە، لە دوای کوژرانی بن لادنیش لە ساڵی 2011، زەواهیری وەک سەرۆک و بەرپرسی یەکەمی قاعیدە ناسێندرا و دامەزراوە باڵا سەربازیی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکاش پشتڕاستیان کردەوە.
A- zozk