وردەکاری کوشتنی سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستیی “ئەلقاعیدە” ئەیمەن زەواهیری

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کوژرانی تیرۆریست ئەیمەن زەواهیری، سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستیی “ئەلقاعیدە”ی راگەیاند. بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا ھەفتەیەک پێش کوشتنی زەواھیری زۆر بە وردی شوێنەکەی دیاری کراوە و بەر لە کوشتنیشی ئەمریکا بزووتنەوەی “تاڵیبان”ی ئاگادار نەکردووەتەوە. هاوکات هیچ کەسێکی مەدەنی نەبووە قوربانی لەو بۆردومانە ئاسمانییە.
بایدن ئەوەشی خستە روو، ناوبراو تێوەگلاوە لە ھێرشە تیرۆریستییەکەی 11ی سێپتەمبەر. ئاماژەشی بەوە داوە، کە رێگە نادەن ئەفغانستان ببێتە پەناگەیەکی پارێزراو بۆ تیرۆریستان. زەواهیری لە ناوچەی شیربور لە کابووڵی پایتەختی ئەفغانستان کراوەتە ئامانج. ئەمەش دوابەدوای دۆزینەوەی تۆڕێک کە یارمەتیی داوە.
بە گوێرەی کۆشکی سپی، لە 25ی مانگی رابردوو، جۆ بایدن فەرمانی کوشتنی زەواهیری دەرکردووە. “تاڵیبان”یش ئاگادار بووە لە بوونی زەواهیری لە کابووڵ و هەندێک لە بەرپرسە گەورەکانی تۆڕی حەقانیش ئاگاداری شوێنی زەواهیری بوونە.
بە گوتەی چەند بەرپرسێکی ئەمریکیش، چەند بەرپرسێک و یاریدەدەرانی وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان پێگەیەکی پارێزراویان بۆ ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە دابین کردووە. هەروەها چەند کەسانێک لەناو تۆڕی حەقانی شوێنی زەواھیرییان پەردەپۆش کردووە و یارمەتییان داوە بۆ دەستەبەرکردنی شوێنێکی پارێزراو، بەم شێوەیەش “تاڵیبان” رێککەوتنی دەوحەی شکاندووە.
کوشتنی زەواهیریش لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی “CIA”ەوە ئەنجام دراوە. بەشێوەیەک لە رێگەی دوو مووشەکەوە کراوەتە ئامانج. هەواڵگریی ئەمریکیش شوێنی زەواهیریان پێش چەند رۆژێک لە شوێنی لێدانەکە چاودێری کردووە. زەواهیری، ئەم چەند هەفتەیەی دوایی لە کابووڵ بەسەر بردووە و لە ماوەی شەش مانگی رابردووش چاودێری کراوە. پلانەکەش پێش شەش مانگ دەستی پێ کردووە، بەڵام لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بەچڕی کاری لەسەر کراوە. سەرەڕای ئەوەش، ئەمریکا پێش کوشتنی زەواهیری “تاڵیبان”ی ئاگادار نەکردووەتەوە کە لە خانوویەک بووە لە شیربور لە کابووڵ.
دوابەدوای ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە “تاڵیبان” سەرکۆنەی کوشتنی زەواهیری کرد لە لایەن درۆنێکی ئەمریکییەوە لە ئەفغانستان و، ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکای بە پێشێلکردنی سەروەری وڵات وەسف کرد، هەروەها دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
لای خۆشیەوە، ئەنتۆنی بلینکین، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، “تاڵیبان” لە رێگەی داڵدەدانی زەواهیرییەوە بەشێوەیەکی زەق رێککەوتنی دەوحەی لە قەتەر پێشێل کرد.

ئەیمەن زەواهیری کێ بوو؟


پزیشک و جەنگاوەری میسری


ئەیمەن زەواهیری، رێکەوتی 19ی حوزەیرانی 1951 لە ناو بنەماڵەیەکی ناودار، لە شاری قاهیرەی میسر لەدایکبوو.
باپیری زەواهیری، مامۆستای زانکۆی ئیسلامیی ئەزهەر و باوکیشی دەرمانساز و مامۆستای زانکۆی قاهیرە بوو.
ئەو لە سەردەمی گەنجێتیدا، بە هۆی چوونە ناو ریزەکانی ئیخوان موسلمین، زیندانی کرا. دواتر درێژەی بە خوێندنی دا و بوو بە پزیشکی پسپۆڕی چاو و لە قاهیرە نۆرینگەی دانا.
زەواهیری لە ساڵی 1973 بە یاوەری هاوبیرانی، گرووپی “جیهادی ئیسلامی’ لە میسر دامەزراند.
گرووپی جیهای ئیسلامی، بە تێوەگلان لە تیرۆرکردنی ئەنوەر سادات سەرۆک کۆماری ئەو کاتی میسر تۆمەتبار کرا، هەر بۆیە ساڵی 1981 زەواهیری و سەدان کەسی دیکە زیندانی کران.
ئەو، دوای سێ ساڵ ئازاد کرا و دواتر چوو بۆ سعودیا و لەوێشەوە بۆ یارمەتیدانی موجاهیدینی ئەفغانی و عەرەبەکان، سەردانی پیشاوەری پاکستانی کرد.
زەواهیری لە ساڵی 1993 وەک رێبەری گرووپی جیهادی ئیسلامیی میسر هەڵبژێردرا و شەڕێکی خوێناوی دژ بە حکومەتی میسر دەستپێکرد.
ئەمەریکا لە ساڵی 1997 زەواهیری وەک بکوژی زۆربەی گەشتیارە رۆژئاواییەکان لە میسر، ناساند.
دوو ساڵ دواتر و لە دادگایەکی سەربازیدا و بەبێ ئامادەبوونی خۆی، سزای مەرگ بۆ زەواهیری دەرچوو.
زەواهیری لەو ساڵەندا بە ناسنامەی ساختە، سەردانی وڵاتانی سویسرا، رووسیا، بولگاریا، عێراق، ئێران و دانیمارکی کردووە.
ساڵی 1996 بە هۆی نەبوونی ڤیزە، بۆ ماوەی شەش مانگ لە چیچان دەستگیر کرا.


هاوپەیمانی لەگەڵ بن لادن


زەواهیری ساڵی 1997 چووە جەلالئابادی ئەفغانستان، لەوێ چاوی بە بن لادن کەوت بۆ “جیهاد دژی جوو و خاچپەرەستان”، هاوپەیمانی لەگەڵ پێکهێنا. بوو بە دەستی راستی بن لادن و لە بڕیارە گرنگەکانی ئەو گرووپەدا، بەشدار بووە.
ئەو هاوپەیمانێتییە بە تەقینەوە لە باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا لە کینیا و تانزانیا دەستیپێکرد. لەو کردەوە تیررۆیستییانەدا، 223 کەس گیانیان لەدەستدا.
ئەمەریکا بە گوێگرتن لە گفتوگۆکانی نێوان زەواهیری و بن لادن، بۆی دەرکەوت کە قاعیدە بەرپرسیاری ئەو هێرشانەیە و هەر بۆیە دوو هەفتە دواتر، هێرشی مووشەکی بۆ سەر پێگەکانی قاعیدە لە ئەفغانستان دەستپێکرد.
زەواهیری لە هێرشی 11ی سیبتامبەری 2001 دەستی هەبووە، هەر بۆیە پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا خەڵاتی 25 ملیۆن دۆلاری بۆ گرتنی ئەو دیاریکرد.
دوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئەفغانستان و نەمانی حکومەتی تالیبان، زەواهیری و بن لادن بۆ شوێنە ئەستەم و دووردەستەکان رایانکرد.
زەواهیری دوای کوژرانی بن لادن، بوو بە رێبەری رێکخراوی قاعیدە.
ئەو، لەو ساڵانەدا لە ناو حەشارگەکانەوە چالاکی دەکرد، بەڵام لەگەڵ چالاکبوونی هەندێ گرووپی جیهادی لە سەرانسەری جیهان و دەرکەوتنی داعش، رۆڵ و هەژموونی کەمبووەوە.
دوای نەمانی حکومەتی ئەفغانستان و بەدەستەوەگرتنی دەستەڵات لەلایەن تالیبانەوە، زەواهیری دەرکەوت و لەگەڵ بنەماڵەکەی لە شاری کابولی ئەفغانستان نیشتەجێبوون.
ئەمەریکا حەشارگەی زەواهیری دۆزییەوە و پلانیان بۆ کوشتنی دانا و دواجار لە 31ی تەمووزی 2022 و لە تەمەنی 71 ساڵیدا، کوژرا.

پەیوەندیدار