ئۆكرانیا: شكستمان بە پیلانی كوشتنی وەزیری دەرەوە و سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێنا

دەزگای ئەمنیی ئۆکراینا رایگەیاند، دوو سیخوڕی رووسییان دەستگیر کردووە کە هەوڵیانداوە وەزیری بەرگری و سەرۆکی هەواڵگریی سەربازیی ئەو وڵاتە بکوژن.

دەزگا ئەمنییەکەی کیێڤ لە راگەیێندراوێکدا کە لە تێلیگرام بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، “هێزەکانمان بکوژەکانی سەر بە هێزی تایبەتی رووسیایان دەستگیرکرد کە پلانی کوشتنیان بۆ ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ، وەزیری بەرگری و کیریلۆ بودانۆڤ، سەرۆکی هەواڵگریی سەربازی دانابوو.”

هێزە ئەمنییەکانی ئۆکراینا ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، ژمارەیەک چەکدار دوو پیاو کە جلی مەدەنییان لەبەرە، گەمارۆ دەدەن و قۆڵبەستیان دەکەن.

بە گوتەی هێزە ئەمنییەکانی ئۆکراینا، ئەو دوو پیاوەیان لە شاری کۆڤێل لە باکووری رۆژئاوای ئۆکراینا دەستگیر کردووە و یەکێک لەو گومانلێکراوانە، لە بێلاڕووسەوە چووەتە ئەو وڵاتە.

ئاسایشی ئۆکراینا دەڵێت، ئەو کەسانە ئامادەکارییان کردووە بۆ “لەنێوبردنی” دوو بەرپرسە باڵاکە و “چالاكڤانێکی ئۆکراینی” کە ناوی نەهێنراوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیار بوو کوشتنی هەریەکێکیان بە بڕە پارەیەک پاداشت بکرێتەوە کە لە 100 هەزار دۆلارەوە تاوەکو 150 هەزار دۆلار بوو.

پەیوەندیدار