ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

رۆژی 8ی ئابی 2022، ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبووەوەی ئاسایی ئەنجامدا، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی لەسەر رەوشی کوردستان ڕاوەستا و دۆخەکەی بەو شێوەیە لێکدایەوە ، ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان لە ژێر کارتێکردنی ڕەوشی جیهانی و ناوچەیی و عێراق بەدەر نییە، ئاراستەی ڕووداوەکان لە هەموو روویەکەوە کارتێکردنی لەسەر بارودۆخی هەرێم هەیە، بۆیە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لەگەڵ ئاڵنگاری زۆر بەرەو ڕووە.

لە کاتێکدا لە جیاتی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کێشە سیاسییەکان بەرەو چارەسەر کردن ببڕدرێن، بە پێچەوانەوە کێشەکان زەقتر کراونەتەوە. خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا لە ئاستی پێویستی هاولاتیان نییە، نرخی خۆراک و پێویستییەکانی رۆژانە و بەنزین و گاز لە بەرزبوونەوە دایە و مەودای هەژاری‌و بێكاری بەرفراوانتر بووە.

بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گەندەڵی لە سێکتەرە سەرەکییەکان هەنگاوی پێویستی بۆ نەنراوە، بە پێچەوانەی ئەوە دیاردەی پاوانکردن و دەست بەسەر داگرتنی داهاتی گشتی لە زیادبوون دایە. – دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە رێگریکردن لە خۆپیشاندانی مەدەنیانە و گرتنی ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی، سەرباری ئەوەی پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی و یاساکانی هەرێمی کوردستانە، بەڵکوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیان بە ناوبانگی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێ.

بۆیە ئەو ڕەوشەی کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێ، بەو شێوەیەی کە هەیە، پێگەی هەرێمی کوردستان لەنێو هاوکێشەکاندا لاواز دەکات و بێباکی لە بەرانبەر ئەو رەوشە ناهەموارە و بە دەنگەوەنەچوونی داخوازییەکانی خەڵک لە ئەستۆی لایەنە دەسەڵاتدارەکان دایە. لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ سەبارەت بە رەوشی عێراق کرا : سەرباری گۆڕینی بەردەوامی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و یاسای هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هێشتا عێراق لە نێو قەیرانی سیاسی و حوکمڕانی قووڵ دایە، درێژەکێشانی ئەو قەیرانەی ئێستای عێراق، مەترسی لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی و هەموو پێکهاتەکان هەیە، لە ڕووکەشدا ئەم ڕەوشە کێشەی حوکمڕانی و دەسەڵاتە لە نێوەخۆی پێکهاتەی شیعەدا، بەڵام لە بنچینەدا درێژکراوەی قەیرانی ئیشکالیەتی دەوڵەتی عێراقە.

دەربازبوونی عێراق لەو قەیرانە و بۆ ئەو مەبەستە پەنابردن بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە عێراقدا، کە لە لایەن لایەنەکان و نێوەندە جیاوازەکانەوە لەو بارەوە دەخرێتەڕوو ، پێویستیی بە سازانی نێوان پێکهاتە سەرەکییەکان و گرتنەبەری رێکاری دەستوورییە .

ئێمە لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەوشەکە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریەکانی عێراق و هەموو ئەگەر و پێشهاتەکانی، پێمانوایە لایەنی کوردستانی پێویستیی بە دیدگای سیاسی یەکگرتوو هەیە و دەبێ بەپێی کارنامەیەکی هاوبەش ئامەدەکاری بۆ هەموو لێکەوتەکانی ڕەوشەکە بکرێ. چونکە ئەو سیاسەتەی هەتا ئێستا لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەرەسەندنی رەوشی عێراق پیادە دەکرێ، جگە لە لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان، هیچ ئاکامێکی دیکەی لێ نایەتە کایەوە. لە دوا تەوەری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی ،هەڵسەنگاندن بۆ کاروباری حزب کرا و جەخت لەسەر پیادەکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی یازدەمین كۆنگرە کرایە.

ئەنجومەنی گشتی

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

9ی ئابی2022

پەیوەندیدار