ئەفغانستان.. 31 كەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەکەی ئەفغانستان گەیشتە 31 کەس. لافاوەکە، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە، پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی گرتووەتەوە.

رۆژی سێشەممە 16ـی ئابی 2022، محەممەد نەسیب حەقانی، گوتەبێژی وەزارەتی ئیدارەدانی کارەساتی ئەفغانستان رایگەیاند کە تەنیا لە پارێزگای پەروان 20 کەس بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە و 50 کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەوەش لەکاتێکدایە کە لافاوەکە پارێگاکانی کاپیسا، پەروان و نەنگەهاری لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە گرتووەتەوە.

پێشتر، رۆژی دووشەممە میدیای فەرمیی ئەفغانستان رایگەیاند، بارانی بەلێزمە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە باکووری وڵاتەکە و جگە لەو 31 کەسەی گیانیان لەدەستداوە و 17 کەسیش بریندار بوون.

بەگوێرەی میدیای وڵاتەکەش، تاوەکو ئێستا لانیکەم 100 کەس بەهۆی لافاوە لەناکاوەکەوە بێسەروشوێن بوون کە “زۆربەیان لە پارێزگای پەروانن” و هەڵمەتێکی گەڕان بەدوایاندا دەستیپێکردووە.

لە سێ ناوچە کە بوونەتە چەقی لافاوەکە لە پارێزگای پەروان، دەیان ماڵ پڕ ئاو بوون و زیانیان بەرکەوتووە. پارێزگاکە کەوتووەتە نێو زنجیرە چیایێکەوە و زوو زوو بارانی بەخوڕ دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاوی لەناکاو. بەشێکی زۆری خانووەکان لەو پارێزگایە لە خۆڵ دروستکراون، ئەوەش وایکردووە بەرگەی لافاوی بەهێز نەگرن.

ئەفغانستان لە 43 پارێزگا پێکدێت؛ بەگوێرەی کەشناسیی وڵاتەکەش، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا لە زۆربەی پارێزگاکان بارانبارینی بەخوڕ بەردەوام بێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە تەنیا لە ماوەی مانگی رابردوودا، بارانی بەلێزمە و لافاوی لەناکاو بوونە هۆی گیانلەدەستدانی 40 کەس. لە مانگی ئایاریشدا 19 کەس بەهۆی لافاوەوە لە سەرتاسەری ئەفغانستان گیانیان لەدەستدا.

پەیوەندیدار