ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆدەبێتەوە و لەبارەی کامێراکانی چاودێری بڕیار دەدات

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 23/8/2022، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆببێتەوە و تەوەری سەرەکیش کامێراکانی چاودێری دەبێت، کە ماوەیەکە بووەتە پرسی رۆژانە و ژمارەیەک لە هاووڵاتییان نیگەرانن لە دانانیان.

بەگوێرەی بانگهێشتنامەی ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كە ئاراستەی سكرتێری ئەنجومەنەكەی كردووە، بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەندامانی ئەنجومەن، کاتژمێر 10ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆدەبێتەوە و تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەش دانانی كامێرای چاودێری لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە دەخرێتە دەنگدان و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدرێت.

رۆژی یەکشەممە، 14ی ئەم مانگە 16 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داواکارییەکیان پێشکێشی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن کرد بە مەبەستی کۆبوونەوە بۆ رەتکردنەوەی دانانی کامێرای تۆمارکردنی خێرایی شەقامەکان کە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ (پۆینت توو پۆینت)ـە، هۆکارەکانیشیان بۆ سێ خاڵ گەڕاندەوە کە ئەمانەن:

1- رەتکردنەوەی دانانی کامێرای چاودێری بە تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، چونکە جگە لەوەی کارێکی نایاساییە، لە هەمان کاتیشدا کارێکی نەگونجاوە و بەقوربانیکردنی شارەکەیە.

2- بەپێی یاسا، نابێت کامێرای چاودێری بدرێتە کەرتی تایبەت و داواکارین لەڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە بڕیارێکی گونجاو بدرێت بە راگرتنی کارەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار.

3- داوا لە وەزارەتی ناوخۆ بکرێت گرێبەستی کۆمپانیای جێبەجێکار هەڵبوەشێنێتەوە.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەن لە کاتێکدا دێت، دوێنێ دووشەممە 22ی ئابی 2022 لاوەند فەرەیدوون، پارێزەری کۆمپانیای ئێرلی فیوچه‌ر، کە بە گرێبەستێک سەرجەم کامێراکانی چاودێریکردنی تیژڕۆیی هاتووچۆی لە حکومەت وەرگرتووە بۆ سنووری سلێمانی، رایگەیاند، یەکێک لە کامێراکانیان لەنزیک ناحیەی پیرەمەگروون دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و زیانێکی زۆری ماددیی بەر بۆکسی کارەبا و ئامێرەکانی کەوتووە و بۆ ئەو مەبەستەش سکاڵایان لە دادگەی لێکۆڵینەوەی پیرەمەگروون تۆمارکردووە و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەکەن.

لەبارەی کامێراکانەوە لاوەند فەرەیدوون ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیەکی زۆر کامێرایان داناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەکار نەخراون و تەنانەت تێستیش نەکراون.

سەرەتای مانگی ئایاری 2022 پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح، ئاشکرایکرد و هۆشداریی دا لەو پرۆژەیە کە بە “پۆینت توو پۆینت” دەناسرێت و لەڕێگەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت کۆنترۆڵی خێرایی ئۆتۆمبێلەکان لەسەر شەقامەکان بکات و بە هۆکارێک بۆ زیادکردنی قورسایی بۆسەر هاووڵاتیانی ناوهێنا.

عەلی حەمەساڵح رۆژی 6ی ئایاری 2022 لە لێدوانێكدا گوتی، “کامێراکان بەپێی سیستمێک جێگیر دەکرێن بەناوی پۆینت توو پۆینت و زۆر هەستیارە لە سزا وەرگرتن، واتە بە نموونە ئەگەر شەش کیلۆمەتر رێگە دانرابێت بە 5 خولەک ببڕیت ئەگەر شۆفێرێک رێگەکەی بە 4 خولەک و 55 چرکە ببڕێت ئەوا بڕی 70 هەزار سزا دەدرێت و بەپێی تیژڕەوی سزاکە زیاد دەکات.”

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، “لە پارێزگایەکی وەکو سلێمانی 545 هەزار ئۆتۆمبێل هەیە، ئەگەر بەپێی ئەو سیستەمە هەر ئۆتۆمبێلێک لە مانگێکدا یەک جار سزا بدرێت ئەوا داهاتی مانگانەی حکومەت 38 ملیار دەکات، واتە رۆژانە خەڵک سزا دەدرێت، داهاتەکەش ئەوەندە زۆرە بۆیە ئەو کۆمپانیایەی گرێبەستی لەگەڵ حکومەت کردووە 403 ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتری بە حکومەت داوە کە هەموویان مۆدێلی 2021 و 2022 ن، ئەگەر داهاتەکەی زۆر نەبێت چۆن کۆمپانیا بێ بەرامبەر ئەو کارە دەکات.”

پەیوەندیدار