چوارچێوەی هەماهەنگی وەڵامی سەدری دایەوە و رایگەیاند، رەتیدەکەنەوە پیشوازی لە هیچ پەیامێکی رەوتی سەدر بکەن، تاوەکو بڕیارنەدەن لە داگیرکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت پاشگەزببنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، پیشوازی لە هیچ پەیامێکی رەوتی سەدر ناکەن، تاوەکو بڕیارنەدەن لە داگیرکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت پاشگەزببنەوە و بگەڕێنەوە ریزەکانی چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراتییانە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، بەهۆی هەڵدانی خێوەت لەلایەن لایەنگرانی سەدرەوە لە بەردەم ئەنجومەنی بالای دادوەری عێراقدا، ئەنجومەنەکە بڕیاریدا کارەکانی هەڵپەسێرێت.
دوا بەدوای بڕیاری ئەنجومەنی باڵای دادوەریش، بەشێک لە دادگاکانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزەرانی عێراق، راگەرتنی کارەکانی خۆیان راگەیاند.
لە هەمان کاتدا، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ هەریەکە لە محەمەد ساعدی و سەباح ساعدی سەرکردە لە رەوتی سەدر دەرکرد.
لەلایەکی دیکەشەوە، هەر ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاربوو بە مەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی پێنج قۆڵی؛ پێنج وڵاتی عەرەبی بچێتە میسڕ، بەڵام گەشتەکەی هەڵوەشاندەوە و داوای کۆبوونەوەی لایەنەکان دەکات.