بەهۆی ئاڵۆزیی شارەکانی عێراق دوای بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی موقتەدا سەدر لە سیاسەت، ئێران هەموو دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ عێراق داخست.
قایمقامێتیی شارەکانی سەر سنووری نێوان ئێران و عێراق رایانگەیاند، حکومەتی عێراق دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی بەغدا و روودانی شەڕ و ئاڵۆزی لە هەندێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە، بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆی داوە و بەو هۆیەش لە ئێوارەی دووشەممەوە دەروازەی سنووریی ئەو پارێزگایانەی هاوسنووری عێراقن، هاتووچۆیان راگرتووە.
لەسەر ئەو بنچینەیەش دەروازە سنوورییەکانی مێهران لە پارێزگای ئیلام، قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان، چەزابە لە پارێزگای فارس و شەلەمچەش لە پارێزگای خوزستان داخران.
راگەیێندراوی بڵاوکراوەی ئەو شارانەی سنوور ئاماژە بەوە دەکەن، داخرانی دەروازە سنوورییەکان تەنیا تایبەتە بە زیارەتکاران و هیچ ئاماژەیەک بە داخرانیان بە رووی بارهەڵگرەکاندا نییە.
رۆژی دووشەممە، 29-8-2022 موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، واز لە کاری سیاسی دەهێنێت، دوای ئەوەش لایەنگرانی بەلێشاو چوونە سەر شەقامەکان و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و “لابردنی گەندەڵکارانیان” دەکرد.
لە ئێوارەی رۆژی دووشەممە خۆپێشاندەران چوونە سەر بەشێک لە کۆشکەکانی ناوچەی سەوز، پاشان لە کۆشکی حکومەت هێزێکی ئەمنی بە چەک و گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەی بە خۆپێشاندەران کرد و رووبەڕووبوونەوە روویدا کە بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا لانی کەم 15 خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 300 خۆپێشاندەریش برینداربوون.