لە سعودیە كەسێك بە تۆمەتی ئەنجامدانی عومرە بۆ شاژنی بەریتانیا دەستگیركرا

دەزگای ئاسایشی گشتی سعودیە ئاشكرای كرد، كەسێكی یەمەنییان دەستگیر كردووە كە عومرەی بۆ رۆحی شاژنی بەریتانیا “ئێلیزابێسی دووەم” كردووە.

دەزگاكە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، هێزی تایبەتی ئاسایشی كەعبەی پیرۆز كەسێكی بە رەگەز یەمەنییان دەستگیر كردووە، كە لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەردەكەوێ و لافیتەیەكی بەرز كردووەتەوە كە پێشێلكاری رێوشوێنەكانی ناو مەككە و بەجێهێنانی عومرەیە.

ئەوەش هاتووە، ئەو كەسە لە گرتەڤیدیۆییەكەدا باسی لەوە كردووە كە عومرە بۆ رۆحی “ئێلیزابێسی دووەم” شاژنی كۆچكردووی بەریتانیا ئەنجام دەدات، ئەوەش پێشێلكاری رێوشوێنەكانە، چونكە حوكمەكانی ئیسلامی رێگەنادات عومرە بۆ كەسێك ئەنجام بدرێت كە سەربە ئایینی ئیسلام نەبێت.

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكە كە 20 چركەیە، پیاوێك لافیتەیەكی سپی بەرزكردووەتەوە و لەسەری نوسراوە “عومرە بۆ رۆحی شاژنە ئێلیزاپێسی دووەم ئەنجام دەدات و داوا لە خودای گەورە دەكات بە بەهەشتی بەرینی شاد بكات لەگەڵ پیاوچاكاندا، داواش لە خودا دەكات بیكاتە یەكێك لە عەبدە چاكەكانی و رۆحی بە بەهەشت شاد بكات، ئەو گرتە ڤیدیۆییەش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەرای ناوەتەوە.

پەیوەندیدار