بەهۆی بەرزی نرخەكەی دابەشكردنی نەوتەكەی حكومەت دواخرا

بەهۆی جیاوازی لە نرخی دابەشکردنی نەوتی سپی لەنێوان ئەو نەوتەی بەغدا رەوانەی دەکات لەگەڵ ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشی دەکات، هاووڵاتیان و ئیدارەی خۆجێیی ناوچەكانی شارباژێڕ و پێنجوێت ڕەتیانكردووەتەوە نەوتەكەی حكومەت بەو نرخە وەربگرن.
بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنج شەممە 20ی ئۆكتۆبەر دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ناوچەكانی شارباژێڕ و پێنجوێندا دەستپێبكات. بەڵام بەهۆی زۆری نرخەكەی و نارەزایی هاوڵاتیان دابەشكردنی نەوتەكە دواخرا.
لەم بارەیەوە قائیمقامییەتی پێنجوێن دەڵێت، پێشوتر وەزیری سامانە سروشتییەکان بەڵێنی ئەوەیدابو کە ئەگەر بەغدا نەوت بنێرێت بە نرخی 30 هەزار دینار دابەشدەکرێت، بەڵام ئێستادا حکومەتی هەرێم دەیەوێت بە نرخی سێبەرامبەر و بە 103 و 500 دینار، بەرمیلێک نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکات.
ئاماژە بەوەش دەکات، بۆیە دوای ناڕەزایی هاوڵاتیان و رەتکردنەوەی وەرگرتنی نەوت بەو نرخە، بەشێوەیەکی کاتی بڕیاردراوە دابەشکردنی نەوتی سپی رابگیرێت، تا ئەو کاتەی حکومەتی هەرێم رێکاری دیکە دەگرێتەبەر بۆ دابەشکردنی نەوت بەجۆرێک پێداچونەوە بە نرخەکەیدا بکرێت.
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردو حکومەتی هەرێم بڕیاریدا لە 20ی ئەم مانگەوە نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوی و ساردەکانی هەرێم بە سەر هاوڵاتییان دابەش بکات، بڕیارەکە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت لە بازاردا کرد و بەهۆیەوە نرخی بەرمیلێک نەوت لەنزیکەی 300 هەزارەوە بۆ 250 هەزار دینار دابەزی.

پێشتر مەكتەبی رێكخراوە جەماوەریەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندبوو، كە سەرەڕای پشتیوانیان لە سیاسەتی حكومەتی هەرێم بە مەبەستی دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان لە وەرزی زستان و سەرماوسۆڵەدا بەسەر هاوڵاتیان، بەڵام نیگەرانن لە نرخەكەی و وەك ئەوەیە نەوت بە هاوڵاتیان بفرۆشی، نەوەكو دابەشی بكەیت.
مەكتەبی رێكخراوە جەماوەریەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ئاشكراشیكردبوو، كە ئێمە هەرێمێكی خاوەن نەوتێكی زۆرین و نەوت ناكڕین، بۆیە لە پاڵاوگەكان دەتوانرێت زۆرترین بڕی نەوتی سپی ماڵان دابین بكرێت و بەنرخێكی زۆر هەرزان بخرێتە بازاڕەوە، بەڵام لەبەرئەوەی وەك بەنزین و گاز رۆژانە پارە ناكات، بۆیە خەمی لێ ناخۆن.
جەختیشیان لەوەكردبووەوە، كە بڕی (100000) سەد هەزار دینار بۆ یەك بەرمیل نەوت زۆر زۆرەو لە توانای دەخلی خێزانی كوردستان نیە، بۆیە داوا دەكەین نرخی هەر بەرمیلێك تەنها (50000) پەنجا هەزار دینار بێت.

پەیوەندیدار