ریشی سوناك، سەرۆكوەزیرانی نوێی بەریتانیا كەی دەستبەكار دەبێت؟

دوای ئەوەی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا ریشی سوناكی وەك سەرۆكی پارتەكە هەڵبژارد وەك سەرۆكوەزیران دەستنیشانكرا، بۆ ئەمڕۆش بە فەرمی دەبێتە سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا.

ئەمڕۆ سێشەممە، ریشی سوناكی تەمەن 42 ساڵ كە یەكەم سەرۆكوەزیرانی بەریتانیایە بە رەچەلەك هیندی بێت و ببێتە سەرۆكوەزیران، ئەمڕۆ بە فەرمی پۆستەكەی وەردەگرێت و لیز ترەسیش كۆتا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕیوەدەبات.

هەر ئەمڕۆ لیز ترەس كۆشكی شاهانە جێدەهێڵێت و كۆتا وتاری خۆی وەك سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا پێشكەش دەكات.

دواتر لەلایەن پاشا چارلسی سێیەمەوە ئەركی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا دەدرێتە ریشی سوناك و بە فەرمی لەو پۆستەدا دەستبەكار دەبێت.

شەوی رابردوو، ریشی سوناك وەزیری پێشووی دارایی بەریتانیا لە ركابەری بینی مۆردۆنت سەركەوتنی بەدەستهێنا و بووە سەرۆكی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا و سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە. ئەمەش یەكەمجارە كەسێكی بەرەگەز هیندی دەبێت سەرۆكی بەریتانیا.

لیژنەی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بە فەرمی رایگەیاند، ریشی سۆناك بە سەرۆكی پارتەكە هەڵبژێردراوە و بەمەش دەبێتە سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا و جێگرەوەی لیز ترەس.

ریشی سوناک کێیە؟

ریشی سووناک لە 7ی ئایاری 1980 لە ناوچەی هامپشیێر لە باشووری رۆژهەڵاتی ئینگلاند لە دایکبووە.

دایک و باوکی سووناک بە رەچەڵەک هیندین و لە شەستەکانی سەدەی رابردوو لە ئەفریقاوە کۆچیان کردووە بۆ بەریتانیا.

سووناک لە ساڵی 2001، لە بەشی فەلەسەفە، رامیاری و ئابووری لە کۆلێژی لینکۆڵن، لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە.

لە ساڵی 2006 لە زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی، ماستەری لە بواری پەیوەندییە کولتوورییەکان بەدەستهێناوە.

لە ساڵی 2001 تاوەکو 2015 وەکو شرۆڤەکار و راوێژکاری ئابووری لەگەڵ چەندین دامەزراوە و کۆمپانیای گەورەی بەریتانیا کاری کردووە.

ئەزموونی سیاسیی سووناک لە ئایاری 2015 دەستیپێکرد، کاتێک کە لەسەر لیستی پارێزگاران، بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا.

لە 9ی کانوونی دووەمی 2018 تاوەکو 24 تەممووزی 2019 وەزیری دەوڵەت بوو بۆ کاروباری حکومەتە خۆجێیەکان و ئاوەدانی

لە کابینەی بۆریس جۆنسن، لە 24 تەممووزی 2019 تاوەکو 13 شوباتی 2020 سکرتێری یەکەمی وەزارەتی گەنجینە بووە.

لە 13ی شوباتی 2020ـەوە تاوەکو 5ی تەممووزی ئەمساڵ بووەتە وەزیری گەنجینە.

سووناک لە ساڵی 2009 ژیانی هاوژینیی لەگەڵ ئاکشاتا مورتی کە کچی ملیاردێرێکی هیندستانییە، پێکهێناوە و دوو منداڵیان هەیە.

سووناک و هاوژینەکەی 222ـەمین دەوڵەمەندترین خێزانی بەریتانیان کە سامانەکەیان 730 ملیۆن پاوەندە (واتە سەرووی 826 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی)

پەیوەندیدار