ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، بەهۆی مەرجەكانی تارانەوە، هیچ هیوایەك بۆ زیندوكردنەوەی رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا نابینن لەماوەیەكی نزیكدا.
بلینکن رۆژی چوارشەممە بە میدیای وڵاتەکەی گوت: “لەم کاتەدا ئاسۆیەكی نزیک بۆ هەنگاونان بەرەوپێشەوە نابینم،” ئەوەش بەهۆی ئەوەی “ئێرانیەکان بەردەوامدەبن لە هێنانی پرسی دەرەکی بۆ نێو دانوستاندنەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی کە ئێستا بە بنبەست گەییشتوون.”
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە کە واشنتن رێگە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دەگرێت. گوتیشی: “هێشتا بڕوامان وایە کە دیپلۆماسی باشترین و کاریگەرترین رێگەیە.”
گوتەکانی بلینکن رۆژێک دوای ئەوە هاتن کە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران ئەمریکای تۆمەتبارکرد بە دواخستنی کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە، کە لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018، پەکیکەوتووە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە دەیەوێت رێککەوتنەکە نوێبکاتەوە، بەڵام راوێژکارەکانی دەڵێن، نابێت بە مەرجەکانی ئێران رازی بن، لەوانەش داخستنی لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆم لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی پێشووی تاران.
هەر بڕیارێکی ئەمریکا بۆ چالاککردنەوەی رێککەوتنەکە، گرژیی سیاسیی زیاتر لە نێوخۆی وڵاتەکەدا لێدەکەوێتەوە، ئەوەش بەهۆی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
بلینکن لەبارەی ناڕەزاییەکانەوە گوتی: “پێموایە ئەوەی کە ئێستا لە سەرانسەری ئێران دەیبینین، دەربڕینێکی بەرچاوی ناڕەزایی و تووڕەییە بەرامبەر بەو سیاسەتە جۆراوجۆرانەی کە رژێم پەیڕەویان دەکات.”
ئیدارەی بایدن هەر لە رۆژی چوارشەممەوە، لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ، سزای بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانیدا سەپاند لە بەرامبەر ئەو مامەڵەیەی کە لەگەڵ خۆپێشاندەراندا دەکرێت.