سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات

رۆژنامەی “لا ریپەبلیکا”ی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، سبەینێ “جۆرجیا میلۆنی” سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات، بۆ بەسەرکردنەوەی ھێزەکانی وڵاتەکەی، کە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و ھەرێمن.

“جۆرجیا میلۆنی” تەمەنی ٤٥ ساڵە و لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو وەک یەکەم سەرۆک وەزیرانی ژن لە ئیتاڵیا ھەڵبژێردرا.

ئیتاڵیا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەندامە لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و چەندین ھاوکاری و پاڵپشتی پێشکەشی عێراق و ھەرێم کردووە.

بەپێی راپۆرتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش، ئیتاڵیا ٩٠٠ سەرباز و راوێژکاری لە عێراق و ھەرێم ھەیە کە مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن.

ھاوکات ئیتاڵیا ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتی ئەوروپایە و سێیەم گەورەترین ئابورییە لە ناوچەی یۆرۆ.

پەیوەندیدار