دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق ئاشکرای کرد، ئەو گرووپەى نەوتیان لە بەسرە بە قاچاخ بردووە، لەلایەن یەکەیەکی پۆلیسەوە هاوکاریکراون کە پاسەوانى بۆرییەکانى نەوت بوون و رۆژانە لە کونکردنى بۆرییەکانەوە، نزیکەى 500 ملیۆن دیناریان دەستکەوتووە و بەسەر 49 کەس دابەشکراوە کە بەشداربوون لەو بەقاچاخبردنەدا.
رۆژی 30ـی کانوونى یەکەمى 2022، دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریى نوێى لەبارەى دۆسیەى بەقاچاخبردنى نەوتى خاوى بەسرە بڵاوکردەوە، لەپاش ئەوەى لە 2ـی تشرینى دووەم ئەو دەزگایە دەستگیرکردنى ئەندامانى ئەو باندەى راگەیاند کە نەوتەکەیان بە قاچاخ بردووە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، بڕى ئەو پارەیەى رۆژانە لە بەقاچاخبردنى ئەو نەوتە دەست گرووپەکە کەوتووە لە کونکردنى یەک بۆریی نەوتدا، گەیشتووەتە 490 ملیۆن دینار و بەسەر ئەندامانى باندەکە دابەشکراوە کە 49 کەس بوون و پێکهاتوون لە ئەفسەر و کارمەندى هێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسانەى نەوتەکەیان بە قاچاخ بردووە.
ئاسایشى نیشتمانیی عێراق ئاشکرایکردووە، پڕۆژەى بەقاچاخبردنەکە وابووە، هەر کونێک لە بۆرییەکانى گواستنەوەى نەوت کراوەتەوە، بۆ ماوەی یەک مانگ نەوتى لێوە بەقاچاخ براوە، دواتر ئەو هێزەى کە بەرپرس بووە لە پاراستنى ئەو بۆرییانە و لە بە قاچاخبردنەکەوە گلاوە، زانیارى لەسەر ئەوشوێنە داوە و دواتر لە شوێنێکى دیکەوە بۆرییەکەیان کون کردووە.
ئەرشەد حاکم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق دەڵێت، “پرۆسەى بەقاچاخبردنەکە بە سێ قۆناخ کراوە، لە رێگەى ئەو ئەفسەرانەى تێوەگلاون لەگەڵ هاوئاهەنگیکارەکان و قاچاخچییەکاندا، ئەرکى ئەفسەر و کارمەندانى ھێزە ئەمنییەکان ئەوە بوو کە پاسەوانى قاچاخچییەکان بکەن، لە پرۆسەى راکێشانى نەوتەکە و گواستنەوەى لە رێگەى تەنکەرەکانەوە و ئەرکى هاوئاهەنگیکارەکانیش دروستکردنى باجى رێگەێپدان بووە بۆ تەنکەرەکان کە بە پارە یان بەناوی کارگەى وەهمى دروستکراون.”
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە پرۆسەى بەقاچاخبردنى ئەو نەوتە تەنیا لە شەواندا ئەنجامدراوە و رۆژانە 20 بۆ 30 تەنکەر نەوتیان لێ بردووە کە هەریەکەیان 36 بۆ 44 هەزار لیتر دەگرێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق ئاماژەى بەوەش داوە، ئەو بیرانەى نەوتەکەیان لێ بە قاچاخ بردووە پێنج کیلۆمەتر لە رێگەى نێودەوڵەتیى سەرەکیی بەسرە دوور بووە.
رۆژی 2ـی تشرینى یەکەمى 2022، دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق، دەستگیرکردنى ئەندامانى ئەو تۆڕەى راگەیاند کە بە “گەورەترین تۆڕ” ناوى بردووە و نەوتى خاویان لە شارى بەسرە بەقاچاخ بردووە.
بە گوێرەى نووسراوێکى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسی وزەى عێراق کە لە 2ـی تشرینى دووەمى 2022، ئاراستەى ئاژانسى کاروبارى ئاسایشى فیدراڵى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراق کراوە، ناوى نۆ بەرپرس نووسراوە کە لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنى نەوت دەستگیرکراون و زۆرینەیان سەر بە بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى وزەن.