لە ساڵیادی تیرۆرکردنی ساکینە جانسز و ھاوڕێکانی خۆپیشاندانێک لە پاریس بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران داوا دەکەن ئەنجامدەرانی راستەقینەی ئەو تاوانە ئاشکرابکرێن.
لە 10ھەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی”ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز”کە لە 9ی کانوونی دووەمی 2013 لە پاریس تیرۆرکران، رەوەندی کوردی و رێکخراوەکانی ژنان لە ئەوروپا بەبەشداری ھەزاران کەس لە پاریس خۆپیشاندانێکان ئەنجامدا.
خۆپیشاندەران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، ساکینە جانسز و ھاورێکانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە تیرۆرکراون، ئاشکرایە کۆمەڵکوژییەکەی 23ی کانوونی یەکەمی 2022ش بەردەوامیی کۆمەڵکوژییەکەی 9 ی کانوونی دووەمی 2013 یە.
ھەروەھا لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، بۆ ئەوەی ئەو کۆمەڵکوژیەی پاریس شەرمەزار بکرێت، دەبێت ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا بکرێن و دۆسیەکە بەکراوەیی بمێنێتەوە، داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکەن بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات.
ھاوکات لە شارەکانی رەقا و تربەسپی و دێرک لە رۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژییەکەی پاریس ئیدانەکرا و چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەچوو.