نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بەهۆی گەشبینی بە بووژانەوەی ئابووریی چین بۆ سەرووی 82 دۆلار بەرزبووەوە و درێژەی بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی دا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-01-2023 نرخی نەوتی برێنت 16 سەنت بەرزبووەوە، هەر بەرمیلێکی بە 82 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت؛ هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 13 سەنت بەرزبووەوە و بە 77 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
نرخەکانی نەوت رۆژی چوارشەممە 11-01-2023 بە رێژەی 3% بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی.
نیگەرانی لە کاریگەریی گەمارۆکانی وڵاتە رۆژئاواییەکان و بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە بە هۆکاری سەرەکیی نرخی نەوت ئەژمار دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا بەرزبوونەوەکانی ئەمڕۆ پێجنشەممەی نرخی نەوت سنووردار بوون بەهۆی ئەوەی بازرگانان چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانی ئەمریکا دەکەن، کە بڕیارە کاژێر 16:30 بە کاتی هەولێر بڵاوببێتەوە.
ئامارەکانی هەڵاوسانی ئەمریکا لەو رووەوە گرنگن، کە کاریگەریی لەسەر بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت سەبارەت بە سوودی بانکی. بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا دەتوانێت ئابووریی ئەو وڵاتە خاوبکاتەوە و خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەم بکاتەوە.