ئەمڕۆدووشەممە 6/3/2023 بە ئامادەبوونی دەیان جوتیار لەسەر ئاستی شارو شارۆچكەكانی كوردستان و نوێنەرو هەڵسوڕاوانی جوتیارانی كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی سنوری ماددەی 140و لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان و بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم و پسپۆرو مامۆستایانی زانكۆ و چالاكوانانی مەدەنی لە هۆڵی ئاڵای ئازادی لەشاری هەولێر لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستانی كۆنفڕانسێكی لەبارەی كێشەو گرفتەكانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان ڕێكخست. وتاری كۆنفرانس لەلایان هیوا سەید سەلیم ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە خوێندرایەوە.
لەم كۆنفڕنسەدا چەندین بابەت باس خرانەروو،گفتوگۆیەكی هەمەلایەنە لەنێوان جوتیاران و بەشداربوانی پانێڵەكاندا بەڕێوەچوو.
سەرەتای كۆنفرانسەكە ئاستنگەكانی بەردەم گەشەكردنی كەرتی كشتوكاڵ و هۆكارەكانی لاوازی بەرهەم و نەبوونی بازار و ئیكتیفای زاتی و هەرەشە و داگیركارییەكانی سەر زەوی كشتوكاڵی و دۆخی كشتوكاڵی ئەندامی و چەندین بابەتی تر خرانەڕوو لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی جوتیاران و چۆنیەتی رێكخستنەوەی بونیاد و ژێرخانی ژیانیان لە پێناو ژیانێكی خۆشگوزەراندا، گفتوگۆكرا .
لە بەشی دووەمی كۆنفرانسەكەدا دۆخی جوتیارانی ناوچە دابڕاوەكان و بەردەوامی هەرەشە و داگیركارییەكانی هێزە دەسترۆیشتوەكانی ئەوناوچانە بۆسەر زەوی و ماڵ و حاڵی جوتیارانی كورد، گفتوگۆكرا.
لە كۆتایی كۆنفرانسەكەدا چەندین پێشنیارو راسپاردە بۆ بەهێزكردنی ریزەكانی جوتیاران و بەدەستهێنانی مافەكانیان و گشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و پاڵپشتیكردن لە جوتیارانی ناوچە دابڕاوەكان خرانەروو كە لە ماوەیەكی نزیكدا لە چوارچێوەی راپۆرتێكدا بۆ ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندارەكان بڵاودەكرێتەوە .
لێژنەی كاری چەپی كوردستانی
حزبی شیوعی كوردستان
حزبی زحمەتكێشانی كوردستان
بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان .
6ی ئازاری 2023













