بۆ ڕای گشتی كوردستان
هێز و لایەنە سیاسیەكان
لە كاتێكدا كە هەموو هەوڵەكان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا بە ئاڕاستەی تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی سیاسی كوردستان و نەهێشتنی ئاڵۆزی و بارگرژی نێوان پارتی و یەكێتی بوون، ئەویش بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ دۆخی تازە كە خۆی دەبینێتەوە لە رێككەوتنامەی نێوان هەرێم و بەغدا و هەوڵەكان بۆ پەسەندكردنی بودجە و كاركردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێڕاق كە بڕیارە ئەمساڵ دوای فشاری زۆری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت.
لەم هەڵومەرجەدا وا جارێكی دیكە ئاڵۆزیەكان دەگاتە ئاستی ترازان و شەڕی راگەیاندن، كە وا بڕوات سەردەكێشێت بۆ ئاستی لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان.
ئەوەی جێگای نیگەرانی ئێمەیە ئەوەیە ئەو بارودۆخە لە لایەن ناحەزان و دووژمنانی گەلەكەمان دەقۆزرێتەوە، وەك چۆن لە هەفتەی رابردوو دەوڵەتی توركیا ئاسمانی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی پارێزگای سلێمانی داخست، دواتر هێرشكرایە سەر هەمان فرۆكەخانە.
ئێمە لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان وێڕای ئیدانەكردنی پەلاماردانی فرۆكەخانەی سلێمانی، جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە لەسەر ئەوەی كە تیپەڕاندنی ئەو جۆرە كێشانە بە ئەركی هەموو لایەك دەبینین و دەبێت وەك پرسی گشتی سەیر بكرێن، ناكرێت هیچ لایەنێك خۆی لە بەرپرسیارەتی و هەستیاری دۆخەكە بدزێتەوە.
بۆیە داواكارین لە رێگەی گفتوگۆیەكی نیشتمانی كە تیایدا سەرجەم لایەنە سیاسیەكان بەشداری تیادا بكەن كار بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە هەستیارە بكرێت لە پێناو فەراهەمكردنی زەمینەیەكی لەبار و ئاسوودە بۆ خەڵكی كوردستان لە رووی سیاسی و ئابوری و ئەمنی.
مەكتەبی سیاسی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
7/4/2023