مەلەفی ئەمنی پەلكانە رادەستی پۆلیسی كەركوك كرا

بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە و رێگریکردن لە هێرشکردنە سەر جووتیارانی کورد مەلەفی ئەمنی پەلكانە رادەستی پۆلیسی خۆجێی كەركووك کرا.

‎لیوا كاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی كەركووك رایگەیاند، بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان جووتیارانی كورد و عەرەب لە سنووری پەلكانە و دووبارە نەبوونەوەی گرژییەكان هێزێكی پۆلیسی كەركووك کە لە پەلكانە جێگیركراون تا ئەوكاتەی كێشەكان بەپێی یاسا چارەسەردەبن ئەو هێزە لەوێ دەمێننەوەو رێگە بەهیچ كەسێك نادرێت كێشە دروست بكات.

‎فەرماندەی پۆلیسی كەركووك گوتیشی: “بۆ جێگیركردنی هێزەكەی پۆلیس پرس بە هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان كراوە، بۆ ئەم قۆناغە هەمووان پێیان باشە پۆلیس سەرپەرشتی ئەم بابەتە بكات و بەپێی یاسا كێشەكان چارەسەربكات”.

‎ئەم هەنگاوە دوای ئەوەهات عەرەبی هاوردە رۆژی هەینی 21/4/2023، جارێکی دیکە هێرشیان كردەسەر جووتیارانی كورد و ژمارەیەك هاووڵاتی گوندەکە بریندار بوون. دواتر هێزەكانی پێشمەرگە جوڵەی پێكراو هۆشدارییاندا لەوەی قبوڵناكەن زوڵم لە هاووڵاتییانی كورد بكرێت و لە ئەگەری چارەسەرنەكردنی دۆخەكە پێشمەرگە دێتە پەلكانە.

جێگیركردنی پۆلیسی كەركووك لە پەلكانە لەلایەن هاووڵاتیانیشەوە پێشوازی گەرمی لێكراو بە هەنگاوێكی گرنگی دەزانن.

پەیوەندیدار