نانی سپی و مەعکەرۆنی دەبێتە هۆی لەدەستدانی بینین

پزیشکێکی ناسراوی بەریتانی هۆشداری دەدات کە خواردنی نانی سپی و مەعکەرۆنی بەردەوام، دەبێتە هۆی خراپی بینایی چاو و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی کوێربوون.

دکتۆر برایان واچلەر کە بەردەوام لە کەناڵی تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیای بەریتانی دەردەکەوێت، دەڵێت: “جگە لە تەمەن، رێجیم دەتوانێت رۆڵێکی هەبێت لە لەدەستدانی بینین”.

ناوبراو ڕۆژی شەممە بە ڕۆژنامەی “دەیلی ئێکسپرێس”ی بەریتانی ڕاگەیاندووە، “کاربۆهیدراتە سادەکان وەک ئەوانەی لە نانی سپی و مەعکەرۆنیدا بوونی هەیە، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە زیادبوونی مەترسی تێکچوونی ڕەنگی چاوەوە هەیە”.

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەم خۆراکانە هۆکاری سەرەکی لەدەستدانی بینینن لە کەسانی بەساڵاچوودا، بەو پێیەی ئەم جۆرە کاربۆهیدراتانە زۆر بەخێرایی هەرس دەبن؛ ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن و دواجاریش كاریگەری لەسەر بینایی چاوەكان دەبێت”.

بۆ ئەوەی تووشی كێشەی مەترسی بینین نەبیت، دکتۆر وێچلەر ئامۆژگاری ئەوە دەكات کە نانی سپی و مەعکەرۆنی بە نانێکی تەواو دانەوێڵەیی بگۆڕدرێت، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی کەمکردنەوەی گۆشتی سورەوەكراو کردەوە.

پزیشکەکە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە چاوەکانتدا ئەمە دەبێتە هۆی نەخۆشی تۆڕی چاوی بەرزی پەستانی خوێن، هەروەها تێکچوونی بۆرییەکانی خوێن دەبێتە هۆی کاڵبوونەوەی بینین یان لەدەستدانی بینین.

دكتۆرەكە ئامۆژگاری ئەوەش دەكات کە نابێت بڕی خواردنی خوێ لە ڕۆژێكدا نزیکەی ٢٣٠٠ میلیگرام یان کەمتر تێپەڕێنرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە کە نابێت بەتەمەنەكان لە ٦ گرام خوێ زیاتر بخۆن لە ڕۆژێکدا (٢.٤ گرام سۆدیۆم) – کە دەکاتە نزیکەی یەک کەوچکی چا.

هەروەها ئەو پزیشكە جەختی لەسەر دووركەوتنەوە لە خواردنەوە شەكریەكان كردۆتەوە كە ڕێژەیەكی زۆر شەكر یان شیرینكەرە دەستكردەكانیان تێدایە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ڕووی کلینیکیەوە سەلمێنراوە کە بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن دەبێتە هۆی گەورەبوونی عەدەسەی چاویش، کە دەبێتە هۆی کاڵبوونەوەی بەردەوام یان دوور بینین”.

پەیوەندیدار