عوسمان بایدەمیر: با لە دژی شەڕانگێزەکان بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان

سیاسەتمەداری کورد عوسمان بایدەمیر داوای لە دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات کرد، کە هەمووان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە دژی ستەم و زۆرداری دەنگ بدەن، دەشڵێت: هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارى تورکیا لە ٢٨ ی ئایاردا دووبارە دەکرێتەوە و ئێوە دەتوانن جارێکی دیکە بڕۆنەوە سەر سندوقەکان و لێپرسینەوە بکەن.

عوسمان بایدەمیر، سیاسەتمەداری کورد، لەبارەى بەڕێوەچوونى خولى دووەمى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى تورکیا پەیامێکى بڵاوکردەوە.

لە سەرەتاى پەیامەکەیدا عوسمان بایدەمیر ئاماژە بەوەدەکات، سەرەتا سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم، کە دەنگیان بە ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی دا و ئێمە هەموومان شایەتی ئەوەمان دا، کە هەڵبژاردنێکمان لە بارودۆخێکی نایەکساندا تێپەڕاند.

لە بەشێکى دیکەى پەییامەکەیدا ئەو سیاسەتمەدارەى کورد باسلەوەدەکات، بەداخەوە ئێستا پەرلەمانى تورکیا لە دەستی ئەو شەڕانگێزانەدایە، کە دەیانەوێت فاشیزم گەورەتر و بەهێزتر بکەن.

دەشڵێت: هێشتا هەڵبژاردن تەواو نەبووە و مۆر و کاریگەری لە دەستی ئێوەدایە و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ٢٨ ی ئایاردا دووبارە دەکرێتەوە و ئێوە دەتوانن جاریکی دیکە بڕۆنەوە سەر سندوقەکان و لێپرسینەوە بکەن و ئێوە دەتوانن ڕێگری لە بە دامەزراوەیکردنی فاشیزمی ڕەها بکەن، چونکە ئێستا پەرلەمان لە دەستی هاوپەیمانیی جمهوریدایە.

ئاماژەى بەوەشکرد، دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٤ ی مانگی ئایار دا مافی دەنگدانیان هەیە، بانگەوازی ئێمە ئەوەیە، کە نابێت هەرگیز فاشیزم بە دامەزراوەیی بکرێت، ئیمە دەتوانین لە یاسادانان و بەڕێوەبەریی خاوەن عەقڵیەتی جیاوازی سیاسیی دا هەناسە بدەین.

لە کۆتایشدا ڕایگەیاندووە، ئێمە لەم قۆناغ و پرۆسەیەدا، داوا لە هەموو ئەو ناسراوان و دۆستانەمان دەکەین، کە نەچووبوون بۆ دەنگدان، بڕۆن بەشداری لە دەنگداندا بکەن. ئێمە نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت، کە ئەم هەڵبژاردنانە بۆ ڕێگەگرتن لە فاشیزم و لێپرسینەوە لە فاشیزم ئەنجام دەدرێت

پەیوەندیدار