لە ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنیەکانی تورکیادا لە ئەنقەرە و ناوچەکانی ١٩ هاوڵاتی کورد دەستگیرکران ، هێزە ئەمنیەکانی تورکیا لەسەر فەرمانی دادگای ئەنقەرە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ژمارەیەک هاوڵاتی کورد.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ١٩ هاوڵاتی کورد دەستگیرکراون و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بەشداریان لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا کردووە لە مانگی ئازاردا.
بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا، ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و لایەنگرانی ئەو پارتە هەیە.
دەستگیرکراوەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەنقەرە گواستراونەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ٢٨ی ئەم مانگە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوە دەچێت.
هێزە ئەمنیەکانی تورکیا پێشتریش بەر لەوەی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە ١٤ی ئایاردا دەست پێبکات، ئۆپراسیۆنێکیان لەدژی ئەندام و بەڕێوەبەرانی هەدەپە، رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدارە کوردەکان ئەنجام دابوو و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیان دەسگیر کردبوو کە ژمارەیەکیان تاوەکو ئێستاش لە زینداندان.