سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان :لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لە وردەكاری گرێبەستی كامێراكانی پۆینت تو پۆینت دەكەین

حاکم ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سکاڵاکان لەسەر کۆمپانیای كامێراكانی پۆینت تو پۆینتی هاتووچۆ رایگەیاند، لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراو لە داواکاری گشتی سکاڵا تۆمار کراوەو هاتۆتە لای ئێمەش، لێکۆڵینەوەیەکی ئوسوڵیمان کرد و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆمان بانگکرد و سەرجەم گرێبەستەکانمان داواکردوەو لێكۆڵینەوە لە وردەكارییەكانیان دەكەین.
حاكم ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، وتیشی، دیارە ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر خودی دانانی کامێراکان نییە، بەڵکو لەسەر چەند خاڵێکە لەوانە بۆچی ئەو کارە دراوەتە کەرتی تایبەت؟ ئایا نەدەکرا حکومەت خۆی بیکات؟ یاخود ئایا کەرتی تایبەت مافی هەیە لەوەی غەرامە دیاری بکات؟ ئێمە پاش ئەوەی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆمان بانگکرد بابەتەکەمان (تحویل)ی هەولێر کردوە، چونکە ئەو شوێنەی گرێبەستەکەی تێدا کراوە وەزارەتی ناوخۆیە، ئەوان هیچ لارییان نەبو و وتیان لە ئیشەکانی خۆمان بەردەوام دەبین.
وتیشی:ئەگەر قەزیەکە چوە دادگا و لێکۆڵینەوەی تێدا تەواو بو ئەو کاتە بڕیاری دادگا هەرچییەک بو ئەوان پێوەی پابەند دەبن.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، بنەمای دانانی کامێراکان باشە، بەڵام ئەگەر گرێبەستەکە کەموکورتی تێدابێت، دوو خاڵ دەستنیشان کرابوون داوامان کردبوو هەمواری بکەنەوە، یەکێک لەوانە پێدانی پێشەکی پارەکەیە بە ئەوان، چونکە ڕێککەوتنەکە بەو جۆرەیە لە نێوان ئەو کۆمپانیایە و حکومەت کە لە ساڵێکدا کۆمپانیاکە تەواوی خەرجییەکانی خۆی وەردەگرێتەوەو 80% داهاتەکە بۆ کەرتی تایبەت بۆ کۆمپانیاکە دەبێت و 20%ی بۆ حکومەت دەبێت لە دوای تەواوبونی ئەو پارەیەی کە خەرجیکردوە ئەو کۆمپانیایە ئیتر گرێبەستەکە دەگۆڕێت بۆ گرێبەستێکی خزمەتگوزاری، واتە ئەوان تەنها صیانە دەکەن و 20% وەردەگرن

پەیوەندیدار