سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان، لە واشنتۆن، بەشداری لە دیدارێكی نێودەوڵەتی بەناوی “گێڕانەوەی متمانە” دەكات كە تایبەتە بە پرسی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
لە دیدارەكەدا، زیاتر لە 300 ئەندامی وڵاتانی دنیا و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی بەشدارن و گفتوگۆ لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و مەترسییەكانی لەسەر ئابووری و سیستمی وڵاتان دەكرێت.
د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان وەك تاكە كەس لە كوردستانەوە بەشداری لە دیدارەكەدا كردووە و رای گەیاند، ئەوەی بەشدارین دیداری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە بە ناونیشانی ” گێرانەوەی متمانە” كە ژمارەیەكی زۆر لە نوێنەری دامەزراوەكانی وڵاتان بەشدارن، لە عێراقیش نوێنەری چەند دامەزراوەیەك بەشدارن.
زیاتر گوتی، لە دیدارەكەدا باسی مەترسییەكانی گەندەڵی دەكرێت لەسەر ئابووری جیهان و بڕیاریشە لە چوارچێوەی دیدارەكە چەندان كۆبوونەوەی گرنگ بكەین و لەوێ باسی ستراتیجی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە كوردستان بكەین.
دووپاتی لەوەیش كردەوە كە ئەو كۆبوونەوانە دەرفەتی گرنگن تا رووی هەرێمی كوردستان بۆ چاكسازی بخەینە ڕوو، زۆرێك لەوانەیشی بەشدارن زانیاریان لەسەر كوردستان هەیە و دەیانەوێ زیاتر ئاشنای چاكسازییەكانی كوردستان بن.
سەرۆكی دەستەی دەسپاكی دووپاتی كردەوە كە تەنیا ئاماژەدان بە هەوڵەكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەو دیدارانەدا هەنگاوی گرنگن.

