لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١/٧/١٩٨٣ بە پیلانێك کە پێشتر بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو حكوومەتی ئەوكاتی بەعس، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەددام حوسێن و قیادەی بەناو شۆڕش لە ڕێگەی ئەمنی شیمالەوە هەڵمەتی ڕەشبگیری بارزانییەكانی دەست پێ كرد و لە كۆمەڵگەكانی هەریر، قوشتەپە، بەحركە و دیانا 8000 هەزار بارزانی دەستگیر كران و ڕاگواستران بۆ خوارووی عێراق و لە چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵدا زیندەبەچاڵ كران، تا ئێستا ڕووفاتی 596 كەس دۆزراونەتەوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ زێدی باب و باپیران لە بارزان، بەشێكی زۆری كەسوكاری ئەنفالكراوەكان هێشتا چاوەڕوانی گەڕاندنەوەی ڕووفاتی كەسوكاریانن بۆ باوەشی نیشتمان و هەمووشیان هیواخوازن حكوومەتی عێراق مافەكانیان دەستەبەر بكات.
قۆناغی هەشتەمی ئەنفالكردنی ناوچەكانی بادینان، كە كۆتا شاڵاوی ئەنفالی گەلی كورد بوو، لە 25ـی ئاب تا 6ی ئەیلولی 1988 بەردەوام بوو، كە هەموو ناوچەكانی بادینانی گرتەوەو تێیدا كیمیابارانو گرتنو كوشتنو راگواستنو وێرانكرنی مزگەوت و دێر و دێهاتو ناوچەكانی بادینان كرا، ئەوەش لەلایەن پێنج فیرقەی سەربازی ئەوكاتی رژێمی سەدام حوسێن.
40 ساڵ پێش كۆتا قۆناغی ئەنفالی بارزانییەكان ئەنجامدرا، لەكاتێدا قۆناغەكانی تری لە ساڵی 1983وە دەستپێكرابوو، كە پرۆسەكە بەوێرانكردنی دێھاتەكان و سووتاندنی زەوییە كشتوكاڵییەكانی دەڤەری بارزان كۆتایی هات.
لە 31ی تەمموزی ١٩٨٣ دەستكرا بە گرتنی پیاوان و كوڕانی بارزانییەكان، ئەوانەی پێشتر لەكۆمەڵگا زۆرەملێیەكاندا نیشتەجێكرابوون و پاش گرتنییان گواسترانەوە بۆ خوارووی عێراق و رەوانەی پارێزگای موسەننا كران.
ئەنفالی بارزانییەكان دەستپێكی شاڵاوێكی گەورەتری حیزبی بەعس بوو، كە بۆ لەناوبردن و قڕكردنی كورد دەستیپێكردبوو، لەبەیانی ڕۆژی 30ی تەمموزی 1983، كاتێك هێزێكی گەورەی ئاسمانی و زەمینی سوپای عێراق، دوای گەمارۆدانی ئۆردوگای قوشتەپەی نزیك شاری هەولێر، نزیكەی 8000 بارزانی كردە ئامانج و لەپرۆسەیەكدا ئەنفالی كردن، ئەمە جگە لەوەی سەروو سامانیشیان بەتاڵان برا بەوەش تاوانێكی تر خرایە سەر تاوانەكانی ئەو ڕژێمەی هەر لە هاتنە سەر كاری دژی ناسنامەی كوردایەتی و زمان و كەلتوور و ئایینی كورد بوو.
ئەنفالی بارزانییەكان دەستپێكی شاڵاوێكی گەورەتری حیزبی بەعس بوو، كە بۆ لەناوبردن و قڕكردنی كورد دەستیپێكردبوو
بارزانییەكان بۆ باشووری عێراق راگوێزران، كە لە هەردوو كۆمەڵگەی قودس و قادسیە نیشتەجێكرابوون، پێش ئەمەش لە ساڵی 1978 هەندێكی دیكەیان ئەوانەی لەشوێنی رەسەنی خۆیان مابوون، راگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەكانی (دیانا و هەریر و بەحركە و گۆڕەتوو).
بارزانییەكان لەو ئۆردوگایانە لەژێر كۆنترۆڵی تووندی سەربازیدا كۆكرانەوە، بەم شێوەیە ئەو كۆمەڵە مرۆڤەی، كە بەبۆچوونی بەعس پێویست بوو لەناوببرێن، كە بارزانییەكان بوون دەستنیشانكران.
پاش تەواوبوونی قۆناغی یەكەم لە قۆناغی دووەمدا گرتن و كۆكردنەوە و راپێچكردنیان دەستیپێكرد، لە كۆتایی تەمموز و سەرەتای مانگی ئابی 1983، دەستكرا بە گرتنی كوڕان و پیاوانی بارزانییەكان لە كۆمەڵگە زۆڕەملێیەكاندا، بارزانییەكان پاش گرتنیان گواسترانەوە بۆ خوارووی عێراق و رەوانەی پارێزگای موسەننا كران.
دوای ئەوە و لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ١٩٨٣ دا جارێكی دیكە ھەردوو كۆمەڵگەی قودس و قادسیە لە ئوردوگای قوشتەپە دووبارە كۆنتڕۆڵكرانەوە و هێزە ئەمنییەكان و ئیستیخبارات ماڵ بە ماڵ دەگەڕان و ئەو مێردمنداڵانەی جاری پێشووتر شاردرابونەوە، ئەوانیشیان دەستگیر و بێسەروشوێیان كردن.
زۆرجار ئەنفالی بارزانییەكان و هۆلۆكوست وەك یەك وێنا دەكرێن
زۆرجار ئەنفالی بارزانییەكان و هۆلۆكوست وەك یەك وێنا دەكرێن، چونكە وەك چۆن سەدام و بەعس بارزانییەكانی لە كۆمەڵگا زۆرەملێیەكان نیشتەجێكردن و دواتر لەناوی بردن بەهەمان شێوە هێتلەر و نازییەكانیش جولەكەكانیان لەسەربازگە و ئۆردوگا زۆرەملێیەكان كۆكردنەوە و دواتر بەكۆمەڵ لەناویان بردن.
هەرچەندە بەعس ئەو كات سزای كوشتن و گولەبارانكردنی هەر كەسێكی دابوو، كە هاوكاری بارزانییەكان بكات، بەڵام وەك كەسوكاری قوربانیان دەڵێن، هەولێرییەكان گوێیان بەو هەڕەشەی بەعس نەدا و تا لە دەستیان هات یارمەتییان پێشكەشكرد.
وەك كەسوكاری قوربانیان دەڵێن: ئەوكات خەڵكی هەولێر هەمیشە هەلی كاریان بۆ بارزانییەكان دەدۆزییەوە و كاتی كاركردنیشیان بۆ كەمدەكردنەوە و رۆژانەیەكی زیاتریشیان پێدەدان، كە یارمەتیەكانی ئەوكاتی خەڵكی هەولێر وایكردووە كەسوكاری قوربانیان تا ئێستاش خۆیان بەقەرزاری ئەوان بزانن.
دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ٢٠٠٣ لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەوڵی بەردەوام درا بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەبیابانەكانی خوارووی عێراق، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی رووفاتی قوربانیانی ئەنفالو تائێستا چەند گۆڕێك لەخوارووی عێراق هەڵدراوەتەوەو گەڕێنراونەتەوە ناوچەكانی خۆیانو بڕیارە ئەو پرۆسەیەش بەردەوامی هەبێت، كە تاكە هیوای كەسوكاری ئەنفالكراوەكان كۆتایی هێنانە بەو چاوەڕوانییەیان سێ دەیەیە درێت.