دانەغاز زیاتر له‌ 100 ملیۆن دۆلار قەرزی لە حكومەتی هەرێم وەرگرتەوە

كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی رایدەگەیەنێت، لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2023دا، 83 ملیۆن دۆلار قازانجیان كەمبوەتەوە و گەیشتوەتە 222 ملیۆن دۆلار و بڕی 101 ملیۆن دۆلاری قەرزیشیان لەحكومەتی هەرێم وەرگرتۆتەوە
كۆمپانیای دانەغاز لەڕاپۆرتێكدا ئەنجامی دارایی خۆی بۆ نیوەی یەكەمی ساڵی 2023 راگەیاند و بەگوێرەی راپۆرتەكەش، لە ماوەی نیوەی یەكەمی ساڵی 2023دا، كۆمپانیاكە قازانجی پاكی 304 ملیۆن درهەم (83 ملیۆن دۆلار)ی تۆماركردوە، لە كاتێكدا لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2022دا قازانجەكەی بڕی 407 ملیۆن درهەم (111 ملیۆن دۆلار) بوە، لە ئەنجامدا قازانجەكانی لە ماوەی نیوەی یەكەمی ساڵدا دابەزیوە لە دابەزینی تێكڕای نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی 25% كە دەكاتە 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، لە كاتێكدا لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2022دا بۆ هەر بەرمیلێك 107 دۆلار بو.
باسی له‌وه‌ش كردووه‌، داهاتەكەیان لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بە ڕێژەی 22% كەمیكردوە و گەیشتوەتە 814 ملیۆن درهەم (222 ملیۆن دۆلار) لە كاتێكدا لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2022دا، ملیارێك و 41 ملیۆن درهەم (284 ملیۆن دۆلار) بوە، تێكڕای نرخی فرۆشتن لەم ماوەیەدا بەدەستهاتوە 56 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك لە كۆندێنسێت و 37 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت هاوتای غازی شل.
ئاماژەی بەوەشكردوە، بەم دواییە كۆمپانیای پێرڵ پترۆلیۆم 101 ملیۆن دۆلاری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرت، سەرەڕای ئاستەنگە بەردەوامەكانی ناوخۆی عێراق، گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێم لە ئارادایە بۆئەوەی بە زوترینكات سەرجەم باج نەدراوەكان یەكلایی بكەنەوە، كاركردنەكانیش هەرێمی كوردستان بەردەوام بون، بەو پێیەی هەمو بەرهەمەكانی لە ناوخۆدا بەكاردەهێنرێن.
دكتۆر پاتریك ئالمان وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای دانا غاز رایگەیاندوە، “ئەنجامی نیوەی یەكەمی كۆمپانیای داناغاز ڕەنگدانەوەی ئەو ژینگە سەختەیە كە ڕوبەڕوی بەرهەمهێنەرانی هایدرۆكاربۆن دەبێتەوە لە نێوان دابەزینی تێكڕای نرخی نەوت لە جیهاندا، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دابەزینەی نرخی وزە، كۆمپانیاكە سەرنجی خستە سەر زیادكردنی بەرهەمهێنان و كەمكردنەوەی تێچوی كاركردن و كۆكردنەوەی قەرزەكانیەتی لە حكومەتەكانی میسر و هەرێمی كوردستان”.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كۆمپانیای پێرل پیترۆلیۆم هەڵكەندنی شەش بیری پڕۆژەی كۆرمۆر 250ی تەواو كرد، لەگەڵ تەواوبونیدا، پڕۆژەكە 250 ملیۆن پێی سێجا زیاد دەكات بۆ كۆی توانای بەرهەمهێنانی وێستگەكە، بۆ ئەوەی بگاتە 750 ملیۆن پێی سێجا ستاندارد بۆ هەر رۆژێك، چاوەڕوانیشدەكرێت تاوەكو چارەگی دوەمی 2024 پرۆژەكە تەواو دەبێت.

پەیوەندیدار