هەژارترین ناوچەی عێراق دەستنیشان كرا

سەرۆكی دەستەی پاراستنی كۆمەڵایەتی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی لە وڵاتدا چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە دەگەنە حەوت ملیۆن كەس و مانگانە مووچەكانیان پێدەدرێت.

(ئەحمەد خەڵەف) سەرۆكی دەستەی پاراستنی كۆمەڵایەتی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق بە میدیا ناوخۆییەكانی ڕاگەیاندووە، ژمارەی ئەو كەسانەی لە وڵاتەكەمان چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە دەگەنە حەوت ملیۆن كەس و مانگانە مووچەكانیان پێدەدرێت. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەحمەد خەڵەف باسی لەوە كردووە، ناوچەی (كەحلا) لە پارێزگای میسان و (جەبایش) لە پارێزگای زیقاڕ وەكو هەژارترین ناوچەكانی عێراق دەستنیشان كراون.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ئێستادا (45) هەزار خێزانی ئاوارە لەلایەن پاراستنی كۆمەڵایەتییەوە مووچەیان پێدەدرێت وەكو هاوكارییەك و بە مەبەستی دابینكردنی بژێویی ژیانی ڕۆژانەیان، كە لە دۆخێكی خراپدان و ئاوارە بوون.

ئەوەش لە كاتێكدایە، عێراق یەكێكە لە وڵاتە بەرهەمهێنەرو هەناردەكارە گەورەكانی نەوت لە جیهان، بەڵام وەك چاودێران دەڵێن، بەهۆی بوونی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن نەتوانراوە ژیانێكی شایستە بۆ دانیشتووانی عێراق بە گشتی دابین بكرێت.

پەیوەندیدار