“پەیمانگای ویلسۆنی ئەمریكی: سوپای پاسداران بەشداری لە پلاندانان بۆ هێرشەكەی سەر ئیسرائیل كردووە

“پەیمانگای ویلسۆن”ی ئەمریكی لە ڕاپۆرتێكدا رۆژی هەینی ئاشكرای كرد، ئەو هێرشە هەماهەنگەی حەماس دەستیپێكردووە، گومان لەسەر تێوەگلانی ئێران دروست دەكات و ڕۆڵی ئێرانیش لە هێرشی پلان بۆ داڕێژراو و هاوئاهەنگ بۆ سەر ئیسرائیل لە ڕێگەی وشكانی، ئاسمانی و دەریاییەوە جێگەی مشتومڕێكی زۆرە.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە “ئێران لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتی حەماس دەكات بە دابینكردنی مووشەك و چەك و مەشق و ڕاهێنان بۆی.
ئاماژەی بەوەشكردووە ،شێوازی كاركردنی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ماوەیەكی زۆر بۆ ئەوە بووە كە دووربكەوێتەوە لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ، بەڵكو بە كاركردن لە ڕێگەی بە وەكالەت ( حیزبوڵڵای لوبنان، جیهادی ئیسلامی، و حەماس لە غەززە). و میلیشیاكان لە عێراق) بە ئامانجی فراوانكردنی كاریگەریی خۆیان و گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەكانیان.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو پلانە درێژخایەنەی كە هێرشی ئەم دواییەی حەماسی كردە مەمكین، ئاماژەیە بۆ ڕۆڵی ئێران.
ڕاپۆرتەكە باسی لەوەش كردووە كە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی كردووەتەوە كە “بریكارە ئەمنییەكانی ئێران و نوێنەرانی سوپای پاسداران بەشدارییان لە ڕاهێنان و پلاندانان بۆ هێرشەكەدا كردووەو لە میانی كۆبوونەوەیەكیشدا لە بەیروت گڵۆپی سەوزیان بۆ هێرشەكەی حەماس هەڵكردووە.
شایانی باسە دوای هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند: واشنتۆن بەڵگەی نەدۆزیوەتەوە كە ئێران ئاراستەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی حەماسی كردبێت یان لەپشتەوەی بێت، بەڵام ڕاپۆرتەكەی “پەیمانگای ویلسۆن”ی ئەمریكی دەڵێت: رەنگە ئەم هەڵوێستە، دوا هەڵوێستی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بەو پرسە نەبێت .
بەڵام مارتن ئیندیك، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە ئیسرائیل، دیدێكی جیاوازی هەیە و دەڵێت: حەماس ڕێنمایی لە ئێرانەوە وەرناگرێت، بەڵكو لەگەڵیدا هەماهەنگی دەكات.

پەیوەندیدار