ئەڵمانیا رێكارەكانی دیپۆرتكردنەوە خێراتر دەكات

لەماوەكانی رابردودا وڵاتانی ئەوروپا دەستیان كرد بە دیپۆرتكردنەوەی تەواوی ئەو كۆچبەرانەی كە بە نایاسایی گەیشتونەتو خاكەكانیان، بەبێ گوێدانە هیچ یاسایەك یان هەر بڕیارێكی قەدەغەكردنی ناردنەوەی بەزۆر.
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران بڵاویكردۆتەوە، بەپێی زانیاریەكانیان حكومەتی ئەڵمانیا رەشنوسی یاسایەك پەسەند دەكات بۆ خێراكردنی دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەران و پەناخوازان، حكومەتی ئەڵمانیا لەژێر فشاری توندی ئۆپۆزسیۆندایە سەبارەت بەپرسی كۆچبەری و پەنابەری، دوای ئەوەی راوێژكار ئۆلاف شۆڵز داوای دیپۆرتكردنەوەی پەناخوازە رەتكراوەكانی كرد.
هەر بەپێی بەدواداچونەكان، وەزیرانی ئەڵمانیا لە دانیشتنی هەفتانەی خۆیاندا رەشنوسی یاسایەكی پەسەندكردوە كە لەلایەن وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا نانسی وایزەرەوە پێشكەشكراوە بۆ خێراكردنی دیپۆرتكردنەوەی پەنابەرە رەتكراوەكان.
هەروەها باس لەوەشكراوە كە لەنێو رەشنوسی یاساكەدا بڕگەیەك لەخۆدەگرێت بۆ درێژكردنەوەی زۆرترین ماوەی دەستبەسەركردنی پەناخوازە رەتكراوەكان پێش دیپۆرتكردنەوەیان لە 10 رۆژەوە بۆ 28 رۆژ، بەپێی ئامارەكانیش ژمارەی دیپۆرتكردنەوەكانی ئەمساڵ بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردو بە رێژەی 27% زیادیكردوە.

پەیوەندیدار