سەرۆکی جێبەجێکاری مەسەدە دەڵێت: شەڕی حەماس و ئیسرائیل کاریگەریی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت بە سوریاشەوە، لەبارەی هێرشەکانی تورکیاش بۆ رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: تورکیا چاوەڕیی هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکایە.
ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی جیبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات- مەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شەرقلئەوسەت دەڵێت: شەڕی حەماس و ئیسرائیل کاریگەریی لەسەر نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت و دەکرا چارەسەری سیاسیی بۆ کێشەکان بدۆزرایەتەوە، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ شەڕێک ببرێت، کە کۆتایی نییە.
لەبارەی دۆخی رۆژئاوا و هێرشەکانی تورکیا، سەرۆکی مەسەدە ئاماژەی بەوەکردوە، تورکیا بەردەوام خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەمریکایە.
راشیگەیاند: لە دانوستاندنەکانی ئەستانە تورکیا داوایکردوە، رێگەی پێبدرێت هێرشی زەمینی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بکات، لەبەرامبەریشدا ئەو رێگە بە ڕوسیا دەدات هێرشبکاتە سەر ئەو ناوچەنەی لەژێر کۆنترۆڵی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیایە.