وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، نابێت دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە بفرۆشرێت. داواش لە هاوڵاتییان دەکات، لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە دەرمان و پێداویستیی پزیشکی نەکڕن.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، هاوڵاتیان دەبێت خۆیان بەدووربگرن لە کڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە.
ئاماژەی بەوەش کرد: “سۆشیاڵ میدیا نابێت بە بنەمایەک بۆ چارەسەر و خزمەتگوزاریی تەندروستی، چونکە زۆربەی ئەو پەیج و هەژمارانەی ریکلام بۆ دەرمان و پێداویستیی پزیشکی دەکەن، نافەرمی و نایاسایین”.
سامان بەرزنجی ئەوەشی خستە ڕوو، نەشتەرگەریی درێژکردنی باڵا بەمەبەستی جوانکاری، بە هەموو شێوەیەک ڕێگەپێنەدراوە، تەنیا لە حاڵەتێکدا نەبێت کە ئەو کەسە لەڕووی تەندروستییەوە کێشەی هەبێت لە ناڕێکیی قاچەکانی.
وتیشی، هەر پزیشکێک لە هەر نەخۆشخانەیەک ئەو نەشتەرگەرییە بەمەبەستی جوانکاری ئەنجامبدات، تاوانبارە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.