ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم کۆبووەوە و داوا لە عێراق دەکات کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێم بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشھاتەکانی ھەردوو دۆسیەی ھەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و نەوت و گاز لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو، دووپاتیان کردەوە کە ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسای ھەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵ تاکو رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بۆ پەسەندکردنی بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەی دارایی ھەرێمی کوردستان لەپێش ھەموویانەوە، شایستەی مووچەخۆرانی ھەرێم، لەبەرامبەریشدا ھەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی راپەڕاندووە و ھەردوو دیوانی چاودێریی داراییش ئەرکی وردبینی و پێداچوونەوەی خۆیان تەواوکردووە و ھەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە ئاسانکاریی تەواوی پێشکەش کردووە.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەو، کە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدڕاڵە لە ساڵی نوێی ٢٠٢٤ ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی ناکۆکییە سیاسی و پابەندییەکانی دیکە نەکات و مووچەخۆرانی ھەرێمیش ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەکانیان لەکاتی خۆی وەربگرن کە ئێستا بەداخەوە بەھۆی نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم، مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ خەرج نەکراوە و بارگرانیی دارایی و ئابووری بۆ مووچەخۆران و ھاووڵاتییانی ھەرێم دروستکردووە کە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵە مووچەی مووچەخۆران بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان بنێرێت.
پاشان لە بڕگەی دووەمدا، ماددە و بڕگەکانی ڕەشنووسی یەکەمی (ڕێنمایی کارکردنی کرێکاری بیانی لە ھەرێمی کوردستان) لەلایەن دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانەوە خرایەڕوو و ئاماژەی بەوە دا کە ئامانج لەم ڕێنماییانە، ڕێکخستنی مۆڵەتی کار و ڤیزا و نشینگە و ڕێگریکردنە لە ھاتنی کرێکاری بیانی بە شێوەی نایاسایی و ڕەخساندنی ھەلی کاری زیاترە بۆ گەنجانی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە خاوەنی کۆمپانیاکان زیاتر ڕوو لە کرێکار و کارمەندانی ناوخۆ بکەن، لە ھەمانکاتدا، دڵنیایی و پارێزراوی کار و مانەوەی کرێکارانی بیانیش بێت لە ھەرێم تاکوو سوود لە ئەزموون و شارەزایی ئەو کارمەندە بیانیانە وەربگیرێت کە پسپۆڕییان لە بوارە جیاجیاکاندا ھەیە.