سیستمی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لەپارێزگاكان نوێدەكرێتەوەو لەوبارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا هاووڵاتیانی ئاگادار كردۆتەوە رۆژی چوارشەممە سەردان نەكەن.
لەبەشێكی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتوە، بەمەبەستی نوێكردنەوەی سیستمی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری لە هەمو بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ لەپارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كە دەبێتە هۆی چارەسەركردنی هەندێك وردە كێشەی تەكنیكی و خێراتركردنی كاروباری هاووڵاتیان، داوا لە هاووڵاتیان دەكەین كە رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 24-1 سەردانی بەشی مۆڵەت نەكەن، چونكە ئەو رۆژە بە تەواوی بۆ نوێكردنەوەی سیستم تەرخان دەكرێت.
ئاماژەشیكردوە، رۆژی دواتر 25-1 ئەوانەی لە دەرەوەی شارەكانن بۆ هەفتەی داهاتو كارەكانیان رابگرن نەبادە نوێكردنەوەی سیستمەكە پێویستی بەكاتی زیاتر هەبێت، تیمەكان هەمو هەوڵەكانیان دەخەنەگەڕ كە رۆژی پێنج شەممە كاروباری خەڵك ئاسایی ببێتەوە.