پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، ئەمجارە بەجیا بەشداری ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دەکات و سەڵاحەدین دەمیرتاشیش داوا لەو پارتە دەکات قەرەبووی ھەڵەکانی پێشووتری بکاتەوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لە زیندانی ئەدیرنە چاوی کەوت بە سیری ساکیک پەرلەمانتاری دەمپارتی و ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە دەم پارتی لە ھەڵبژاردنەکەی ٣١ی ئازاری ئەمساڵ قەرەبووی زیانەکانی بکاتەوە و بەباشی خۆی بۆ ھەڵبژاردنەکە ئامادە بکات.
دوای کۆبوونەوەکەشی لەگەڵ دەمیرتاش، سیری ساکیک وتی، دەم پارتی بە کاندیدەکانی خۆیەوە بەشداری ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکات و بردنەوە و دۆڕانی ئۆپۆزسیۆنیش لەو ھەڵبژاردنەدا کێشەی ئەوان نییە، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە پەرەپێدانی سیاسەتی دیموکراسییە وەک سیاسەتی ڕێگای سێیەم.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بڕیارە تا ١٠ی شوبات، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ناوی سەرجەم کاندیدەکانی بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا یەکلایی بکاتەوە.