هەموو ساڵێک لە جیهاندا نەتەوەکان لە ٢١ ی شوبات بە شێوازی خۆیان یادی رۆژی جیهانی زمانی دایک بەرز ڕادەگرن، ئەگەر بۆ زۆربەی ئەو نەتەوانە تەنها بۆنەیەکی زمان بێت، ئەوا بۆ ئێمەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی کوردستان واتایەکی جیاوازی هەیە، وەک دەزانرێت لە تێکۆشانی نەتەوەی کورد کە چەندین ساڵە دووژمنان و داگیرکەران هەوڵی زاڵبوونی زمانی نەتەوە سەردەستەکان بەسەر زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەی کوردستاندا دەدەن، هێشتنەوەی ئەو زمانە وەک بەشێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی جینۆساید و قڕکردنی گەلی کوردستان حیسابی بۆ دەکرێت، لەو پێناوەدا کورد قوربانی زۆری بۆدراوە.
ئێستاشی لەگەڵ دابێت قەدەغەکردنی زمانی کوردی و خوێندن بە زمانی زگماکی سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن وڵاتانی ئێران و تورکیا.
لەبەرامبەر ئەو سیاسەتەدا بۆ ئێمەی کورد زمان سەنگەری بەرگریی و مانەوە بووە و بە بەردەوامیش ئەم سەنگەرە پێویستی بە زیاتر پتەو و بەهێزترکردنی هەبووە. چونکە زمان بۆ هەر نەتەوەیەک هێز و ستوونی مانەوەیەتی.
لە کاتێکدا کە یادی رۆژی زمانی دایک پیرۆز ڕادەگرین پێویست دەکات هەرچی زووە هەنگاو بنێین بۆ :-
- کارکردن بۆ بەستاندەرکردنی زمانی کوردی لە بوارەکانی پەروەردە و خوێندن.
- زمانی ڕاگەیاندن بە دوور بگیرێت لە ووشەی داتاشراوی بێ مانا لە شوێنی ئەوانەدا پشت بە زمانی پاراوی کوردی ببەسترێت.
- لە فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زمانی کوردی بکرێتە زمانی فەرمی یەکەم لە سەرجەم فەرمانگەکانی.
- دەبێت تابلۆی شوێنە فەرمی و نافەرمییەکان لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بە زمانی کوردی بنووسرێن.
جارێکی دیکە پیرۆزبێت رۆژی جیهانی زمانی دایک.
مەکتەبی ڕاگەیاندن
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان